هانا: رۆژی دووشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (٥ی ژولای ٢٠٢١)، دوو شارۆمەندی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
ناسنامەی ئەم دوو شارۆمەندە کوردە "نژاد عەزیزی" تەمەن ٢٢ ساڵ و "بێهزاد محەممەدی" تەمەن ٣٣ و خەڵکی ئاوایی "شیان" لە ناوچەی سنە راگەیەندراوە.
بەپێی راپۆرتێک کە هاتووە، ئەم دوو شارۆمەندە بە بێ بڕیاری دادوەر و هیچ بەڵگەیەکی یاسایی لە لایەن هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار رەوانە کراون.
جێگای ئاماژەیە تا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم ٢ شارۆمەندە کوردە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.
هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی ئاشکرای بێ لایەن و دادپەروەر لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە.
لە خوارەوە و لەم پێوەندیەدا بەندەکانی ٣، ٥، ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دەنووسینەوە.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
