کوژران و بریندار بوونی چوار کۆڵبەر لە رۆژانی رابردوودا 

هانا: رۆژی شەممە ٢٥ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٥ی مەی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی راستەوخۆی چەکدارانی سپای پاسداران لە سنووری سەڵماس گیانی لەدەستدا. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "زابت ئەلخانی" راگەیەندراوە. ناوبراو لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە سەرەڕای ئەوەیکە تەنانەت هیچ بارێکی پێ نەبوو بە بێ ئاگادار کردنەوە و دەنگدان تەقەیان لێ کرد. 

هەروەها دوو کۆڵبەری دیکە کە برای یەکتر بوون لە دوو رووداوی جیادا بە توندی بریندار بوون. ناسنامەی ئەم دوو برایە "کۆسار و ئەکڕەم رۆستەم نیژاد" کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی "شمشیر" لە ناوچەی پاوەیە. "کۆسار" بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەتی ئێران لە سنووری نەوسوود بریندار بووە و "ئەکڕەم" بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییەوە لە سنووری نەوسوود بریندار بووە. 

رۆژی چوارشەممە ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٢ی مەی ٢٠٢١) کۆڵبەرێکی تر بە ناسنامەی "محەممەد میرزایی" خەڵکی نەغەدە لە سنووری پیرانشار بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران بریندار بوو. ناوبراو بۆ چارەسەر برینەکانی رەوانەی ناوەندە تەندروستییەکانی پیرانشار کراوە. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 

 

RELATED ARTICLES

Most Popular