یەدوڵڵا مەتاعی ڕاهێنەری کاراتە سزای ٣٩ مانگ و دوو ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە، ڕۆژی یەکشەممە ١ی سەرماوەزی ١٤٠٥، یەدوڵڵا مەتاعی، ڕاهێنەری کاراتە، خەڵکی شاری دێولان، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی ئەم شارە سزای ٣٩ مانگ و دوو ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپێندراوە. ئەم حوکمە لە کاتێکدا بە ئەو ڕاگەینداوە کە لە دوای دەستبەسەرکردنیەوە ئەو لە بەندیخانەی قوروە ڕاگیراوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، ئەو تۆمەتانەی دژی ئەم شارۆمەندە “پڕوپاگەندە دژی نیزام و هاندانی خەڵک لە کاتی شەڕدا” بووە و ئەو بە تەرتیب بە هەشت مانگ و یەک ڕۆژ و ٣١ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران سزا دراوە. ناوبراو لە ماوەی دادگایی کردنیدا لە مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە و داواکاری ئازادی کاتیەکەی بە دانانی بارمتە، ڕەت کراوەتەوە.

یەدوڵڵا مەتاعی لە رێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥، لە شەقامێکی شاری دێولان بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستبەسەر کرا و دوای لێکۆڵینەوە بۆ بەندیخانەی قوروە ڕاگوێزرا.

یەدوڵڵا مەتاعی پێشتریش لە پێوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی دوای کوشتنی حوکومەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی پێشینەی دەستبەسەرکردنی هەبووە.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ دەستبەسەر کرا و دوای چەند هەفتە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. لە بەردەوامیدا سزای پێنج ساڵ زیندانی تەعلیقی بەسەردا سەپێندرا.
مەتاعی هەروەها لە بانەمەڕی ١٤٠٣دا بۆ ناوەندە ئەمنییەکان بانگ کرابوو.
هەروەها لە گەلاوێژی ١٤٠٥دا حەراسەتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش و لاوانی پارێزگای کوردستان ڕێگری لە بەردەوامیی چالاکیی وەرزشی و موریبیەتی ئەو کرد.مەتاعی دوای بانگ کردنی بۆ بەشی حەراسەتی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بە شێوەی زارەکی لە بەردەوامیی چالاکییەکانی وەک ڕاهێنەر و کردنەوەی باشگا قەدەغە کرابوو.
یەدوڵڵا مەتاعی چالاکیی خۆی لە ڕشتەی کاراتەدا لە ساڵی ١٣٧٤ دەست پێکردووە و لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا وەک وەرزشوان و ڕاهێنەر لەم ڕشتەیەدا چالاکیی هەبووە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین