هوشیار شەعبانی سزای ٨ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپێندرا

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، هوشیار شەعبانی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری بانە، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفپوور، سەرجەم سزای هەشت ساڵ و ١٠ مانگ بەندکرانی تەعزیری بەسەردا سەپێندراوە. ئەم سزایە دوای کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێ و هێنانەئارای تۆمەتی ئەمنی دژی ناوبراو دەرچووە.

بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ئەم سزایە پێکهاتووە لە چوار ساڵ بەندکران بە تۆمەتی «هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی پێکهێنانی دەستە و گرووپەوە»، چوار ساڵ و دوو مانگ بەندکران بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی» و هەشت مانگ بەندکران بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام بە قازانجی گرووپ و ڕێکخراوە دژبەرەکان» کە پێی ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، چالاکییە مەدەنی و فەرهەنگییەکانی هوشیار شەعبانی، لەوانە پاڵپشتیکردن لە کۆڵبەران، دژایەتیکردنی سێدارە، بەشداریکردن لە کەمپەینی «نا بۆ سێدارە»، ئامادەبوون لە ڕێوڕەسمە فەرهەنگییەکان و بڵاوکردنەوەی بابەتی پەیوەندیدار بە زمان، مێژوو و ناسنامەی کوردی لە فەزای مەجازیدا، لەو بابەتانە بوون کە لە دۆسیە دادوەرییەکەیدا وەک بەڵگە بۆ تۆمەتەکان پشتیان پێ بەستراوە.

هوشیار شەعبانی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون ڕەت کردووەتەوە و چالاکییەکانی خۆی لە چوارچێوەی مافی هاووڵاتیبوون و پاراستنی ناسنامە، زمان و فەرهەنگی کوردیدا لە قەڵەم داوە.

جێی ئاماژەیە، هوشیار شەعبانی ڕۆژی ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی خۆی لە بانە و بەبێ نیشاندانی فەرمانی دادوەری دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک بۆ ناوەندە ئەمنییەکان و زیندانەکانی سنە و سەقز گوازرایەوە. ناوبراو سەرەنجام ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥، دوای شەش مانگ و سێ ڕۆژ دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتەی سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتریش لە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤، لە میانەی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتدا دەستبەسەر کرابوو. لە کاتی ئەو هێرشەدا، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێ کرد کە بەهۆی بەرکەوتنی سێ گوللە بە قاچی بریندار بوو. ئەو بۆ ماوەی ٥٣ ڕۆژ لە گرتووخانە ئەمنییەکانی سنە و زیندانی بانە ڕاگیرا و ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی دوو ملیار و ٤٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هوشیار شەعبانی لە ساڵی ١٣٩٦ـەوە تا ئێستا چەندین جار بەهۆی چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ڕووبەڕووی کردنەوەی دۆسیەی دادوەری و دەرکردنی سزای بەندکران بووەتەوە. ناوبراو هەروەها ڕۆژی چواری خەرمانانی ١٤٠٠ دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٨١ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە لێپرسینەوەی لێ کرا. ئەو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا بەهۆی ئەشکەنجەوە تووشی خوێنبەربوونی گەدە بوو و بە ڕێوشوێنی ئەمنییەوە گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین