بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، دوای ڕووداوێکی تەقەکردن لە گەڕەکی حەیدەراوا، شەقامی پاسدارانی تەورێز، دادوەرێک کە لە دادگای پیرانشار کاری دەکرد لەگەڵ هاوسەرەکەی و کوڕەکەی، گیانیان لەدەستداوە.
ڕووداوەکە نزیکەی کاتژمێر ٢١ی شەو بە کاتی ئێران ڕوویداوە. بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، چەکدارەکە بە بەکارهێنانی تفەنگی بڕنەو سەرەتا تەقەی لە دادوەرەکە کردووە کە لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە و دواتر تەقەی لە هاوسەرەکەی و منداڵە بچووکەکەی کردووە و هەرسێکیانی کوشتووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هانا، ناسنامەی دادوەری کوژراو بە ناوی ئیبراهیم سادقی ڕاگەیەندراوە کە لە دەزگای قەزایی پیرانشار کاری کردووە.
هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشبەرەکە دوای ڕووداوەکە هەوڵی خۆکوشتنی داوە، بەڵام ڕزگاری بووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ ناوەندێکی پزیشکی ڕاگوێزراوە.
شایانی باسە کە هێشتا زانیاری ورد لەسەر پاڵنەر و هۆکاری ئەم ڕووداوە بڵاونەکراوەتەوە و وردەکارییەکانی هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
