بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، زەهرا سلێمانی، ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵەی خەڵکی هەرسین، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٥ لە ئەنجامی توندوتیژی لەڕادەبەدەر لەلایەن ئەندامانی خێزانەکەیەوە کوژراوە.
بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکان، زەهرا پێش مردنی بە سەختی ئەشکەنجە دراوە دەست و قاچەکانی شکێندراون و سەرئەنجام بەهۆی خنکاندنەوە گیانی لەدەستداوە.
پاڵنەری ئەم ژنکوژییە،بەوەی پێی دەوترێت نامووس ڕاپۆرت کراوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە نامووس نە هیچ مافێک بەسەر جەستە و ژیانی ژناندا دروست دەکات و نە دەبێتە هۆکارێک بۆ پاساودانی توندوتیژی و لێسەندنەوەی ژیانیان.ئەم چەمکە لە پێوەندییە بپیاوسالارانەدا ژن لە مرۆڤێکی سەربەخۆ و خاوەن مافە سەرەتایییەکانەوە دەگۆڕێت بۆ بابەتێکی ژێر کۆنترۆڵ و خاوەندارێتی خێزان.بەشداریی پێشبینیکراوی ئەندامانی خێزانیش لەم تاوانەدا نیشانی دەدات کە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەم پێوەندییانە تەنیا بە پیاوانەوە سنووردار نابێتەوە.
لە ڕوانگەی هاناوە،کوشتنی زەهرا سلێمانی ناتوانرێت تەنیا وەک ناکۆکییەکی خێزانی یان تاوانێک بە پاڵنەری (نامووسی) وەسف بکرێت.ئەم ژنکوژییە ڕەنگدانەوەیەک لە توندوتیژیی سەرەکی لەسەر بنەمای ڕەگەزە کە لە چوارچێوەی پێوەندییە خاوەندارێتییەکان،جیاکاریی پێکهاتەیی و نەبوونی پاراستنی یاسایی کاریگەر بۆ ژنان بەردەوام دەبێت.هیچ تێگەیشتنێکی کولتووری یان ئەخلاقی لە ئابڕوو و حەیاتی خێزانی ناتوانێت مافی ژیان و کەرامەتی مرۆڤی ژنان بە ڕەفتار،هەڵبژاردن یان ڕەزامەندی کەسانی ترەوە گرێ بدات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە کاتێکدا کە ئەم تاوانە سەرکۆنە دەکات،جەخت لەسەر پێویستیی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ،ڕێوشوێنی یاسایی کاریگەر و لێپرسینەوە لە هەموو کەسانی بەرپرسیار دەکاتەوە.بەرەنگاربوونەوەی ژنکوژی جیا لە ڕاوەدوونانی ئەنجامدەران،پێویستی بە نەهێشتنی ئەو پێوەندییانە هەیە کە بە ناوی (نامووس) مافی چاودێری،سزادان و بڕیاردان لەسەر ژیانی ژنان بە خێزان دەبەخشن.
