ڕاپۆرتی هانا لە چوارەمین ساڵیادی جومعەی خوێناوی زاهیدان،چوار ساڵ بێ سزا مانەوەی فەرماندەر و ئەنجامدەرانی کوشتاری هاوڵاتییانی بەلوچ

چوار ساڵ بەسەر جومعەی خوێناوی زاهیداندا تێدەپەڕێت،ڕۆژێک کە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە تەقەکردن بەڕووی خۆپیشاندەران، نوێژکاران و هاوڵاتییانی بەلووچ،یەکێک لە خوێناوییترین ڕووداوەکانی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١یان خوڵقاند.سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ساڵ و بڵاوکردنەوەی چەندین ڕاپۆرت لەلایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییە باوەڕپێکراوەکانەوە،بەرپرسیاریی کەیفەری ئەو کەسانەی فەرمانی ئەم کوشتارەیان دەرکردووە و ئەوانەی جێبەجێیان کردووە هێشتا لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی دادوەریی سەربەخۆ و ڕوون نەخراوەتە بەر لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە.

ڕۆژی جومعە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ لە دوای کۆبوونەوەی هاوڵاتییانی زاهیدان و ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ڕاپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە دەستدرێژیی سێکسیی فەرماندەیەکی هێزی ئینتیزامی بۆ سەر کچێکی ١٥ ساڵە لە چابهار،هێزە ئەمنییەکان و ئینتزامییەکان لە دەوروبەری مزگەوتی گەورەی زاهیدان و شەقامە دراوسێکانی بەڕووی خەڵکەکەدا تەقەیان کرد. لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی لێبۆردەیی نێودەوڵەتی،بەکارهێنانی فیشەکی ڕاستەقینە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە و تەقەکردن بەرەو ئەندامە هەستیارەکانی جەستەی قوربانیان، بە دێکۆمنتیار پشتڕاست کردووەتەوە.

لێژنەی سەربەخۆی ڕاستییەکانی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٤ی خۆیدا،لە کوشتنی ١٠٣ کەس و برینداربوونی نزیکەی ٣٥٠ کەسی دیکە هەواڵی دا. ڕێکخراوی لێبۆردەیی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی سێپتەمبەری ٢٠٢٦ی خۆیدا، کوشتنی نایاساییی ٨٧ کەس،کە لە نێویاندا ١٥ منداڵ لەم ڕووداوەدا بە دێکۆمێنتار کردووە.جیاوازیی ئەم ژمارانەش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازیی مەودا و شێوازە جۆراوجۆرەکانی دروست کردنی فیلمی دێکۆمێنتار.

دۆزینەوە تەواوکەرەکانی لیژنەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٢٥دا نیشانیان دا کە مەودای توندوتیژیی هێزە حکوومەتییەکان تەنها بە شەقامەکان سنووردار نەبووە،بەڵکو نوێژکارانی ناو مزگەوتیش بوونەتە ئامانج.ئەم لیژنەیە هەروەها بەڵگەیەکی بڵاو کردەوە کە ئاماژە بەوە دەکات کچێکی حەوت ساڵە بەهۆی بەرکەوتنی سەری،کە بە ئەگەری زۆر لە ئەنجامی کەوتنی کەپسولی گازی فرمێسکڕێژەوە بووە،گیانی لەدەست داوە.

سەرەڕای قەبارەی بەر فراوانی ئەم کوشتارە،لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەی دادوەریی ناوخۆیی بە شێوەیەکی سەرەکی تەنها لە چەند ئەفسەر و ئەندامێکی پلەخوارتر سنووردار ماوەتەوە.بەرپرسانی دادوەریی کۆماری ئیسلامی باس لە مەحکوومکردنی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکان و پێدانی دیەیان کردووە،بەڵام لێژنەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٥ی خۆیدا نەبوونی شەفافیەت لەبارەی ناسنامەی تۆمەتباران،ئیشارە بە تۆمەتەکان و حوکمە دەرکراوەکان،بە یەکێک لە بەربەستە جدییەکانی بەرامبەر لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردن داناوە. ئەم لیژنەیە هەروەها چەندین حاڵەتی فشاری لەسەر بنەماڵەی قوربانیان تۆمار کردووە کە ئامانجیان ناچارکردنی ئەو بنەماڵانە بووە بە قبووڵکردنی دیە و بێدەنگمانەوە.

لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، پێدانی دیە یان مەحکوومکردنی ژمارەیەکی سنووردار لەو ئەفسەرانەی ڕاستەوخۆ تاوانەکەیان ئەنجام داوە،ناتوانێت جێگرەوەی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بێت لەبارەی بەرپرسیاریی فەرماندەکان و ئەو بەرپرسانەی لە دەرکردنی فەرمان،ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆن یان بەکارهێنانی هێزی کوشندەدا ڕۆڵیان هەبووە.بە پێی ماددەی ٦ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان،دەوڵەتی ئێران مەجبورە بە پاراستنی مافی ژیان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی کاریگەر لەبارەی ئەو حاڵەتانەی کە تێیاندا بە شێوەیەکی خودسەرانە دەبنە هۆی لەدەست چوونی ژیانێک .

ڕێکخراوی لێبۆردەیی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی سێپتامبری ٢٠٢٦ی خۆیدا،سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ی لە چوارچێوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیدا تاوتوێ کردووە و جەختی لەسەر پێویستیی لێکۆڵینەوە لە بەرپرسیاریی بەرپرسانی باڵای حکوومەت و فەرماندە ئەمنییەتییەکان کردووەتەوە.ئەم دۆزینەوانە گرنگیی پشکنین و لێکۆڵینەوە لە زنجیرەی فەرماندەیی و بەرپرسیارییئەگەری ئەو بەرپرسانەی بڕیاریان داوە لە کوشتاری زاهیدان زیاتر دەکات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە چوارەمین ساڵیادی جومعەی خوێناوی زاهیداندا، داوا دەکات بە بێ‌سزایی بەرپرسانی ئەم کوشتارە کۆتایی بێت و لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ، گشتیگیر و بێلایەن دەربارەی ڕۆڵی فەرماندەرانی سەرەوە و ئەنجامدەرانی ئەم کوشتارە بکرێت.هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو حوکمە دادگاییەکان و زانیارییە پەیوەندیدارەکان بە ئەو ئەفسەر و ئەندامانی هێزە ئەمنییانەی کە لەژێر پێڕاگەیشتنی یاساییدان دەبێت بڵاو بکرێنەوە.هەروەها دەبێت خێزانەکانی قوربانیان بتوانن بەبێ هەڕەشە،فشارە ئەمنییەکان یان ناچارکردنیان بە قبووڵکردنی دیە،مافی خۆیان بۆ ڕاستی‌ ئازمایی،دادخوازی و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بەدواداچوون بکەن.

هانا هەروەها داوا لە لێژنەی ڕاستی‌ دۆزێنەری میکانیزمە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤی دەکات کە پاراستن و تەواوکردنی بەڵگەکانی پەیوەندیدار بەو کوشتارە بەردەوام بەدواداچوون بکەن لەوانەش بەڵگەکانی پەیوەندیدار بە زنجیرەی فەرماندەیی و پلەبەندیی فەرماندەیی هێزە ئەمنییەکان. وڵاتانیش دەبێت لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادوەریی جیهانی و بنەما یاساییە گونجاوەکانی دیکەی جێبەجێکردن،ئەگەری بەدواداچوونی تاوانی بۆ بەرپرسانی ئەگەریی تاوانە نێودەوڵەتییەکان هەڵبسەنگێنن.

چوار ساڵ دوای جومعەی خوێناوی زاهیدان،پرسیارە سەرەکییەکە چیتر تەنها تۆمارکردنی ژمارەی قوربانیان نییە،بەڵکو ڕوونکردنەوەی بەرپرسیاریەتی ئەو کەسانەیە کە فەرمانی تەقەکردنیان داوە،ئەوانەی ئەو فەرمانەیان جێبەجێ کردووە و ئەو بەرپرسانەی ڕێگرییان لە لێپرسینەوەیەکی کاریگەر کردووە. تێپەڕبوونی کات ناتوانێت جێگای دادپەروەری بگرێتەوە و تا ئەو کاتەی بەرپرسیاریەتی ئەم کوشتارە لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە و پێڕاگەیشتنێکی سەربەخۆ و کاریگەرەوە ڕوون نەکرێتەوە،چ داواکاریی خێزانەکانی قوربانیان بۆ دادخوازی هەروا بەردەوام دەبێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین