هانا نویمەن، نوێنەری ئاڵمان لە پەرلەمانی ئورووپا و سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی ئەم پەرلەمانە لەگەڵ خەڵکی ئێران، ڕایگەیاند کە داوای باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی بۆ چاوپێکەوتنی باڵوێزی ئێران لە فەڕانسەی وەرنەگرتووە و هیچ دیدارێک لەگەڵ ئەو کەسە چ لە نێو پەرلەمانی ئورووپا و چ لە دەرەوەی، ئەنجام نادات.
نویمەن لە وەڵامەکەی خۆیدا جەختی کردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی بە نوێنەری خەڵکی ئێران نازانێ و ڕەواییی سیاسی بە هی خەڵکێک دەزانێت کە، بە وتەی ئەو، لەبەر خواستی ئازادی بەرەوڕووی دەستبەسەر بوون، ئەشکەنجە و کوشتن بوونەتەوە.
ئەم هەڵوێستە لە ڕووی سیاسییەوە، شتێکی زۆرتر لە ڕەت کردنەوەی دیدارێکی دیپلۆماتیکە. نویمەن بابەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتی نێوخۆیی و ڕاوەدوونان و هەڕەشە لە دژبەران و چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران گرێ داوەتەوە. هەڵوێستی لەو چەشنە هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی سەرنجی دامەزراوە ئورووپاییەکان لەسەر سەرکوتی دەرەوەی سنوور، ئەمنیەتی چالاکانی تاراوگە و کارنامەی نوێنەرایەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئورووپادا، دێتە ئاراوە.
لە ڕوانگەی حقووقییەوە، ڕەت کردنەوەی چاوپێکەوتنێک وەک خۆی کاریگەرییەکی پێویستی هێنەر یان گەمارۆدەرانەی نییە، بەڵام دەتوانێت وەک بەشێک لە ڕەوتێکی بەربڵاوتری سنووردارکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و دامەزراوەییەکان لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە ئورووپادا لە بەرچاو بگیررێت؛ بە تایبەت کە بابەتی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ یان هەڕەشە لە دژبەران لە خاکی وڵاتانی ئورووپایی لە ئارادایە.
