بە پێی ئەو زانیارییانەی کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، خاتوو عەبدوڵڵاهی، ژنە کوردی تەمەن ٥٦ ساڵ خەڵکی شاری سەردەشت و ئەندامی دێرینی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە شوێنی نیشتەجێبوونی لە شاری نورنبێرگی ئاڵمان لەگەڵ چوونە ژوورەوەی شەوانە و هەڕەشەی چوار کەسی نەناسراو بەرەوڕوو بووەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هانا، نزیک کاتژمێر سێی شەوی ١٧ی سێپتێمبێری ٢٠٢٦، سێ پیاو و ژنێک بە جلوبەرگی مەدەنی و بەبێ ئیجازە و ئاگادارکردنەوە چوونەتە ماڵی ئەو و وێڕای پشکنینی ماڵەکەی هەڕەشەیان لێ کردووە. ناوبراو کە لە ساڵی ٢٠١٠وە نیشتەجێی ئاڵمانە و پێشینەی ٣٧ ساڵ چالاکی حیزبی هەیە پێشتریش چەندین جار لە لایەن کەسانی نەناسراو هەڕەشەی لێکراوە.
ئەو لە ڕۆژی ٢١ی سێپتێمبێر، دوای هاوئاهەنگی پێشوەختە، سەردانی بنکەی پۆلیسی ئاڵمانی کردووە و ئەو ڕووداوەی ڕاپۆرت کردووە. پۆلیسی ئاڵمان ئاگاداری ئەو ڕووداوەیە بەڵام تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاری دەربارەی ناسینەوەی کەسەکان بڵاو نەکراوەتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە سەرنجدان بە پێشینەی سیاسی خاتوو عەبدوڵڵاهی و مێژووی هەڕەشەکانی پێشوو لە دژی، داوای لێکۆڵینەوەی جددی لە ئەگەری پاڵنەری سیاسی لەم ڕووداوەدا و لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و کاریگەر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیاوە دەکات.
هانا هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر هەڕەشەیەک یان هێرشێک لە دژی نەیارانی سیاسی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی ئێران دەبێ بە هەستیاری تایبەتی ئەمنیەتی و دادوەری لێ بکۆڵرێتەوە و دەسەڵاتە بەرپرسەکان دەبێ ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی کاریگەر بۆ ئەو کەسانەی لە بەردەم مەترسیدان بگرنەبەر.
