بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئیدارەی ئەماکنی شاری سەقز، ژمارەیەک لە دووکان و شوێنە بازرگانییەکانی ئەو شارەی پاش مانگرتنی گشتیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی پڵۆمپ کردووە.
وێنە و بەڵگە دەستکەوتووەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەسەر کاغەزی پڵۆمپکردنەکان، تەنیا دەستەواژەی گشتیی (پابەندنەبوون بە قانوونەکانی ڕێکخستنی سنفی) نووسراوە و چالاکیی ئەم دووکانانە تا کاتێکی نادیار قەدەغە کراوە.
تا ئێستا سەرپێچیی دیاریکراو، بەڵگەی یاسایی بۆ هەر بڕیارێک و ماوەی پڵۆمپکردنەکە بە شێوەیەکی فەرمی ڕوون نەکراوەتەوە.
ئەم هەنگاوە دوای داخرانی بەربڵاوی بازاڕ لە سەقز و ژمارەیەک لە شارەکانی دیکەی کوردستان، هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی ئەنجام دراوە. لە ڕۆژی مانگرتنەکەدا، ڕاپۆرتگەلێکیش لەسەر جێگیرکردنی بەربڵاوی هێزە ئەمنییەکان، داخستنی ڕێگاکانی بەرەو گۆڕستانی ئایچی، هەڕەشەکردن لە کاسبکاران، پێشگرتن لە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بنەماڵە دادخوازەکان و دەستبەسەرکردنی کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان بڵاو بووەوە.
ئەگەر داخران و پڵۆمپکردنی ئەم دووکانانە بەهۆی بەشداریی خاوەنەکانیان لە مانگرتندا بووبێت، ئەم کردەوەیە ماهییەتێکی سزادەرانەی هەیە و دژ بە ئازادیی دەربڕین و ناڕەزایەتیی ئاشتییانەیە. داخرانی زۆرەملێی دوکان یان شوێنێکی بازرگانیی دەبێت لەسەر بنەمای سەرپێچییەکی ڕوون، بڕیاری بەڵگەداری دەزگای قانونی تایبەتمەند، ماوەی دیاریکراو و مافی ناڕەزایەتی دەربڕینی بێت. پەنابردنی ناڕوون بۆ قانوونەکانی نیزامی سنفی، بەبێ دەستنیشانکردنی هەڵسوکەوتی تۆمەتبارکراو و بنچینە قانوونییەکەی، دژی پرەنسیپەکانی قانون، دادپەروەری، هاوسەنگی و بنەمای ڕەتکردنەوەی بڕیاری خودسەرانەیە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، ژمارەی وردی دووکانە پڵۆمپکراوەکان، ماوەی داخرانیان ومافی ناڕەزایەتیدەربڕینی خاوەنەکانیان نادیارە. هانا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەسەر زانیاریی زیاتر لەبارەی وردەکارییەکانی ئەم هەنگاوەوە.
