بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەفشاری، سزای ٣١ ساڵ بەندکردن و جەریمەی دارایی بۆ ئەفشین حەیرەتیان، خەڵکی کرماشان،چالاکی مافی منداڵانی کار دەرکردوە.
بەپێی یاسای چەندتاوانی،سزای قورس، کە ١٢ ساڵ بەندکرانە، جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی بڕیاری دادگا، ئەفشین حەیرەتیان بە تۆمەتی «پێکهێنانی گرووپی نایاسایی» بە ١٢ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژ بە شەرع و پیرۆزییەکانی ئیسلام» بە ١١ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و هاوپەیمانی دژی ئاسایشی نیشتمانی» بە ٦ ساڵ بەندکران و سزای دارایی بە بڕی ٣٣٠ ملیۆن تمەن سزا دراوە. دادگا هەروەها لەبارەی تۆمەتی «دەستکەوتنی ماڵی نایاسایی»، بە پشتبەستن بە بانگەشەی وەرگرتنی هەزار دۆلار، ناوبراو بە دوو ساڵ بەندکران و سزای دارایی بە قەبارەی دوو هێندەی بڕی پارەکە محکوم کردووە.
ئەفشین حەیرەتیان، ئەندامی «کۆمەڵەی بەرگری لە منداڵانی کار و شەقام» و دانیشتووی تاران، زیاتر لە هەشت مانگە لە بەندی حەوتی بەندیخانەی ئێڤین بەندکراوە.
بڕیاری دادگا بە تازەیی لە ناو بەندیخانەدا پێی ڕاگەیەندراوە و ماوەی بیست ڕۆژ دەرفەت بۆ داوای پێداچوونەوەی هەیە؛ بۆیە لە ئێستادا ئەمە بڕیاری کۆتایی نییە.
قورسیی سزاکان، زۆربوونی تۆمەتە ئەمنییەکان و پەیوەندیی ئەم دۆسیەوە بە چالاکییە مەدەنییەکان و بەرگری لە مافی منداڵانی کار، نیگەرانییەکی جددی لە سەر ڕەچاوکردنی بنەمای یاسایی بوونی تاوان و سزا، لێکدانەوەی تەسکی یاسا تاوانییەکان، گونجاندنی سزا لەگەڵ تاوان و دڵنیابوون لە دادرسیی دادپەروەرانە دروست دەکات. تاوانبارکردنی چالاکییە مەدەنی و ئاشتی خوازانەکان بە تۆمەتی گشتی و ئەمنی، دەکرێت ببێتە هۆی سنووردارکردنی نادادپەروەرانەی ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی ڕێکخستن و مافی بەشداریکردن لە کاروباری گشتی.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت لەسەر پێویستیی دادوەریی سەربەخۆ، بێلایەن و دادپەروەرانە لە قۆناغی پێداچوونەوەی دادگایی دەکاتەوە و داوادەکات مافی دەستگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو و ناوەڕۆکی تەواوی دۆسیە بۆ تۆمەتبار دابین بکرێت و هەموو ئەو تۆمەتانە، بە وردی لە ڕووی یاسایی و مادی هەڵبسەنگێندرێن. هەر سزایەکی تاوان دەبێت لەسەر بەڵگەی ڕوون، هەڵسەنگاندن و پەیوەندیدار بە کردارێکی دیاریکراو بنیات بنرێت، نە لەسەر چالاکییە مەدەنییەکان، بیر و باوەڕی تاکەکەسی یان هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەکانی پاراستنی مافی منداڵان.
