هانا : ئەمڕۆ چوارشەممە “١٩ی بەفرانباری ١٤٠٣” ئەمیر رەئیسیان پارێزەری پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسی کورد هەواڵی پشتڕاست کرانەوەی سزای لە سێدارەدانی ئەوی لە دادگای باڵای وڵات ڕاگەیاند .
ئەمیر ڕەئیسیان ڕایگەیاند ؛ دوابەدوای دەرچوونی سزای سێدارە بۆ پەخشان عەزیزی لە لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران ئێمە داواکاری تانەدان لە لقی ٣٩ی دادگای باڵا وەرگیرا بەڵام بەبێ گوێدانە کەموکوڕییە زۆرەکانی ئەو دۆسیەیە تانەکە ڕەت کرایەوە و سزای سێدارە پشتڕاست کرایەوە .
ئەمیر رەئیسیان هەروەها نوسیویەتی : پەخشان عەزیزی نە ئەندامی گروپە چەکدارەکان بووە و نە چالاکی چەکداری و نیزامی هەبووە ، ئەم حوکمە بە ناکۆکی لەگەڵ دادگایی کردنێکی دادپەروەرانە و بەبێ ڕەچاوکردنی کەموکۆڕییەکان و کێشەکانی دۆسیەکە دەرچووە و ئەمڕۆ بە ئێمە ڕاگەینراوە .
پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسی کورد لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتی قازی “ئیمان ئەفشاری” بە تۆمەتی “بەغی لە ڕێگای ئەندام بوون لە یەکێک حزبەکانی کورستانی ئۆپۆزۆسیۆنی حکومەتی ئێران” سزای لەسێدارە دانی بە سەردا سەپێنرابوو .
دادگایی پەخشان عەزیزی لە رێکەوتی ٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣ بەڕێوەچوو و سزاکەی ڕۆژی سێشەممە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ بە پارێزەرەکەی ڕاگەینرابوو .سزاکە لە کاتێکدا دەرچووە کە پەخشان عەزیزی لە ماوەی ٨ مانگ بەندکران و لێپرسینەوەدا لە سەرجەم مافەکانی و مافی مەستپێراگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە . پەخشان عەزیزی تەمەن ٣٩ ساڵ رۆژنامە نووس و دەرچووی بەشی توێژەری کۆمەڵایەتی و زیندانی سیاسی پێشوو لە رێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠٢” لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە لە تاران دەستبەسەر و پاش چوار مانگ لێپرسینەوە لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین بۆ بەندی ژنان ڕاگوێزرابوو .
خانمی عەزیزی لە رێکەوتی “٥ی خەزەڵوەری ١٣٨٨” لە گردبوونەوەیکی ناڕەزایی خوێندکارانی زانکۆی تاران لە دژی لە سێدارەدانەکانی کوردستان ، لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر و لە کۆتایدا بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو . ناوبراو لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە نامەیەکدا لەبەندیخانەی ئێڤین ، بە ئاماژەدان بە ئەشکەنجەکرانی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە نوسیویەتی چەندین جار لە لە لایەن لێکۆڵەرانەوە لە دار دراوم و لە مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەم بێبەش کراوم .