دەستبەسەرکردنی سێ ئەندامی بنەماڵەیەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری دیواندەرە

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی هەینی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی ، سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی خەڵکی شاری دیواندەرە بە ناوەکانی مەریەم مرادیان، سیرووس حەمیدی و کچە ١٦ ساڵانەکەیان بە ناوی کوردیا حەمیدی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

لەسەر بنەمای زانیارییە گەیشتووەکان، هێزە ئەمنییەکان ئەم سێ هاووڵاتییەیان لە گوندی زەفەرئاوای سەر بە ناوچەی کەرەفتووی شاری دیواندەرە،  بەبێ پیشاندانی حوکمی دادگا دەستبەسەر کردووە و پاشان بۆ زیندانی ناوەندی و زیندانی ژنانی (کانوونی چاکسازی و پەروەردە) شاری سنە گواستوویانەتەوە.

کوردیا حەمیدی، تەمەن ١٦ ساڵ، کە لەگەڵ دایکی لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ژنانی سنەدا ڕاگیرا بوو، دوای چوار ڕۆژ لێکۆڵینەوە ئازاد کراوە.

شایانی باسە، سیرووس حەمیدی و مەریەم مرادیان هێشتا لە ژوورە تاکەکەسییەکانی زیندانەکانی سنەدا لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە و تا ئێستا زانیارییەکی ورد لەسەر بارودۆخیان لەبەردەستدا نییە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ جۆرە زانیارییەکی ڕەسمی دەربارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئەگەرییەکان و ئەو ناوەندەی کە دەستبەسەری کردوون ڕانەگەیەندراوە. بەردەوامیی بێ‌ئاگایی لە دۆخی مەریەم مرادیان و سیرووس حەمیدی، بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانیی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانیان.

مقالات مرتبط

پر بیننده ترین ها