ئازادی کاتی شلێر مام قادری بە دانانی بارمتە دوای ٩١ ڕۆژ دەستبەسەری

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، شلێر مام قادری تەمەن ٣٤ ساڵ، شارۆمەندی خەڵکی مەهاباد، خاوەن منداڵ، سەرپەرستی خێزان و توشبوویی شێرپەنجە، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی پوشپەڕی ١٤٠٥، دوای ٩١ ڕۆژ دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی ١٥ ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ئازاد کراوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو شارۆمەندە تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا ئازاد کراوە. شلێر مام قادری لە کاتی دەستبەسەر کرانیەوە چارەنوسی نادیار بوو وە لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەدا بە توندی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کراوە.

بە گوێرەی زانیارییە بەردەستەکان، ئەو لە ئەنجامی ئەشکەنجە کرانی لە کۆتاییەکانی مانگی گوڵان توشی شکاوی ئەندامی جەستە و خوێنبەربوون دەبێت و بەم بۆنەوە لە چاوەدێری چڕی ئەمنیدا، بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشخانە دەگوازرێتەوە. سەرەڕای دۆخی جەستەیی و پێویستی بە بەردەوامی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، ئەو دوای نەشتەرگەری جارێکیتر دەگوازرێتەوە بۆ بەندیخانە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای پێشوازی لە ئازادی کاتی شلێر مام قادری جەخت دەکاتەوە کە ئازادی بە دانانی بارمتە، پێویستی بەدواداچوونێکی سەربەخۆ و بێلایەنانە لە ڕاپۆرتەکانی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ لەگەڵیدا لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا نکۆڵی ناکاتەوە. هانا داوای لێکۆڵینەوەیەکی کاریگەر لەم ئیدیعایە، گەرەنتی دەستڕاگەیشتنێکی تەواوی ئەم شارۆمەندە بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و ڕێزگرتن لە مافەکانی بە درێژایی دادگاییکردنەکەی دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین