کۆماری ئیسلامی هاووڵاتییەکی دیکەی بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل»لەسێدارە دا

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی (١٣ی مەی ٢٠٢٦) ڕایگەیاند کە «ئێحسان ئەفرەشتە»، بەندکراوی تۆمەتبار بە «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل»، دوای پشتڕاستکردنەوەی سزاکەی لە دیوانی باڵای وڵات، لەسێدارە دراوە. میدیاکانی سەر بە حکوومەت بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ناوبراو بە تۆمەتی «هاوکاریی هەواڵگری لەگەڵ مووساد» و لەسەر بنەمای ماددەی ٦ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی کردەوە دوژمنکارانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی پێشووی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، ئێحسان ئەفرەشتە لە ماوەی دەستبەسەرکران و لێکۆڵینەوەکاندا بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراوە و لەژێر گوشاردا بووە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ. هەروەها ڕاپۆرتگەلێک سەبارەت بە تۆمارکردنی داواکاریی پێداچوونەوە بە دۆسیەکەیدا و بەردەوامیی پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە دیوانی باڵای وڵات بڵاو کرابوونەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جێبەجێکردنی سزای سێدارە، بەتایبەت لە دۆسیە ئەمنی و سیاسییەکاندا کە دادرەسیی دادپەروەرانەیان تێدا نییە، بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیان و بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی میساقی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا دەزانێت. بەکارهێنانی تۆمەتی گشتی و ئەمنی وەک «سیخوڕی» لە پاڵ بێبەشکردنی تۆمەتباران لە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ، وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و پرۆسە ناڕوونەکانی دادوەری، نیگەرانیی جیدیی دەربارەی ماهییەتی سیاسیی ئەم لەسێدارەدانانە دروست کردووە.

هانا هەروەها هۆشداری دەدات کە پەرەسەندنی لەسێدارەدانەکان و بڵاوکردنەوەی ڕێکخراوی هەواڵەکانی پەیوەست بەو بابەتە لەلایەن میدیا حکوومییەکانەوە، بەشێکە لە سیاسەتی تۆقاندن و سەرکوتی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا؛ سیاسەتێک کە لە مانگەکانی ڕابردوودا بەتایبەت لەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل»ەوە هەیە، بە شێوەیەکی زۆر نیگەرانبەر زیادی کردووە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین