ناوەندی یاسایی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانیی قووڵی خۆی سەبارەت بە داڕوخانی کاریگەری دادوەری لە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کەمترین ئاست و گۆڕانی تەواوی دەسەڵاتی دادوەری بۆ هێزێکی ڕاستەوخۆی سەرکوت و ئەمنیەتی دەردەبڕێ.
ئەوەی ئێستا لە دۆسیەی سیاسی و ئەمنیەتیەکاندا ڕوودەدات،ناتوانرێت تەنانەت لە چوارچێوەی سیستەمێکی دادوەریی گەندەڵدا پێناسەبکرێ.
دەسەڵاتی دادوەری،لەبری ئەوەی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی پێداچوون بێت و پارێزگاری مافی بەرگری و چاودێری هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی ئەمنی بکات،بە کردەوە بووە بە ئامرازێک بۆ پەسەندکردنی بڕیارە ئەمنیەتیەکان،بە تایبەتی ئەو دۆسیانەی لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە سپای پاسدارانەوە دروست دەکرێن و بەسەر پرۆسەی دادوەریدا دەسەپێندرێن.
لە وەها دۆخێکدا،سنووری بنەڕەتی نێوان بەدواداچوون، لێکۆڵینەوە، دادوەری و جێبەجێکردنی بڕیار لەناوچووە. تۆمەتبارێکی سیاسی یان ئەمنیەتی سەرەتا دەخرێتە دەستی دامەزراوە ئەمنیەتیەکان و لە گرتووخانە تایبەتەکان بێ چاودێریی دادوەری لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت،لە مافی دەستگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و پەیوەندیی ڕێکوپێک لەگەڵ خێزان بێبەش دەبێت،پاشان بە دۆسیەێیک کە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتە ئەمنیەتیەکان ، دانپێدانانی گوماناویی و تۆمەتە گشتییەکان دامەزراوە، بۆ دادگای شۆڕش دەنێردرێت. دادگا لەبری بەدواداچوونی سەربەخۆی بەڵگەکان و پاراستنی مافی بەرگری، زۆرجار ڕۆڵی قۆناغی کۆتایی دەگێڕێت بۆ ڕەواییدان بە دۆسیە و تۆمەتی هەڵبەستراوی دەزگا ئەمنیەکان.
ئەم دۆخە پێشێلکردنی تەواوی سەربەخۆیی دادوەرییە و دابەزینی ئاستی دادگای تاوانکاریە بۆ ڕێوشوێنەکانی سەرکوتکردن.
هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە تۆمەتەکان وەک «سیخوڕی»، «هاوکاری لەگەڵ دوژمن»، «ئەفساد فیالارض» و «محاربە» لە ناو ئێستای دەسەڵاتی دادوەریدا، نەک وەک ناونیشانە یاسایییە وردەکان، بەڵکو وەک ئامرازە ناڕوون و درێژکراوەکان بەکار دەهێنرێن بۆ لابردنی دژبەر، ترساندنی کۆمەڵگا و کۆنترۆڵکردنی قەیرانی سیاسی. کاتێک بەرپرسانی باڵای دادوەری بە خێرایی بڕیار دەردەکەن و دەچێتە بۆاری جێبەجێکردن و هەروەها دەستبەسەر دارایی و سامانی کەسەکان دادەگرن و ئەوان بە«بەکرێگیراوی دوژمن» ناودەبەن ، زمانی دادگا دەگۆڕدرێت بۆ زمانی فەرمانی ئەمنیەتی. لە وەها دۆخێکدا، بڕیاری دادوەری ئیتر بەرهەمی پێداچوونی سەربەخۆ نییە؛ بەڵکو تەنیەا شێوەیێکی یاسایی دەدەن بە سەرکوتکردن.
ئەم ڕەوتە بە تایبەتی لە سزای سێدارەدا کارەساتی گەورەی لە کەوتووتەوە . سێدارە لە دۆسیەێکدا کە لەگەڵ بێبەشکردن لە مافی دەستگێشتن بە پارێزەری سەربەخۆ، دەستبەسەرکردنی نهێنی، ئازار و ئەشکەنجە یان فشار بۆ دانپێدانان، گواستنەوەی زیندانی بۆ شوێنێکی نادیار، دەست نەگیشتنی خێزان بە زانیاری و بڕیاری خێرا دەبێت، لە بنەڕەتەوە ڕەوایەتیی یاسایی نییە. جێبەجێکردنی وەها بڕیارێک نادادوەریە و سەندنەوەی سەرەڕۆیانەی مافی ژیانە.
هیچ سیستەمێکی یاساییی باوەڕپێکراو، تەنانەت لە دۆخی شەڕ،قەیرانی ئەمنی یان دۆخی ئاڵۆز، ڕێگە نادات کە مافی ژیانی مرۆڤ بدرێتە دەست بڕیاری ناڕوونی ئەمنیەتیەوە،دادگاکانی ناسەربەخۆ و پەروەندەی بێڕوونی.
هانا هەروەها ئاگاداری دەدات لە زیادبوونی بەکارهێنانی دەستبەسەرداگرتنی سامان وەک ئامرازێکی سزای سیاسی.ئەم کارە، لەگەڵ سێدارە،دەستبەسەرکردن و هەڕەشەکردنی خێزانەکان، پیشان دەدات کە حکومەت تەنیا کەسی تۆمەتبار ناکاتە ئامانج، بەڵکو خێزان، تۆڕی کۆمەڵایەتی و تەنانەت هاووڵاتیانی دەرەوەی وڵاتیش دەخاتە ژێر فشار و مەترسی. ئەم شێوەیە بنەمای بەرپرسیارێتی تاوانکاریی تاکەکەسی دەشێوێنێت و سزا لە چوارچێوەی دادوەری دەردەهێنێت بۆ ئاستی تۆڵەی حکومەتی و سزاگرتنی کۆمەڵی.
لە ڕوانگەی هاناوە،زاڵبوونی دامەزراوە ئەمنیەکان و سپای پاسداران بەسەر ڕەوتی تاوانەکاندا،دەرخەریی قەیرانی دەسەڵاتی یاسایە. دەسەڵاتی دادوەری لە سیستەمێکی یاساییدا دەبێت هێزی ئەمنیەتی سنووردار بکات، نەک ئەوەی خزمەتی پێ بکات. دەبێت پارێزگاری لە تۆمەتبار بکات لە بەرامبەر ئەشکەنجە، دانپێدانانی زۆرەملێ و دۆسیەیی سازکراو، نەک ئەوەی ڕاپۆرتە ئەمنیەتیەکان بگۆڕێت بۆ بڕیاری سێدارە. دەبێت پارێزەری بنەمای بێتاوانی، مافی بەرگری و کرامەتی مرۆڤ بێت، نەک جێبەجێکاری سیاسەتی ترساندن و تۆڵە.
لە سێدارەدانی ئەم دوایانە، دەستبەسەرکردنە فراوانەکان، هەڕەشەی بەردەوامی بەرپرسانی دادوەری،دەستبەسەرداگرتنی سامان و زیادبوونی دۆسیەی ساختەی ئەمنی، هەموویان نیشان دەدەن کە کۆماری ئیسلامی توشیی قەیرانی دەسەڵاتی ڕەوا، تووڕەیی گشتی و ناتوانی لە کۆنترۆڵی سیاسیی کۆمەڵگا بووە و پەنا بۆ توندوتیژیی دادوەری بردووە. ئەم توندوتیژییە شێوەی یاسایی هەیە، بەڵام ناوەڕۆکی یاسایی نییە.
و تەنیا ناوی دادگا،بڕیار، تۆمەت و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لێ نراوە، بەڵام لە کرداردا بە لۆژیکی ئەمنیەتی، تۆڵەی سیاسی و دروستکردنی ترس بەڕێوەدەچێت.
ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هانا ئەم ڕەوتە بە توندی مەحکوم دەکات و ئەوە بە نیشانەی داڕوخانی بنەماکانی دادگای دادپەروەرانە بە کەمترین ئاست ، سەربەخۆیی دادوەری و پاراستنی مافی ژیان لە ئێران دەزانێت. هانا ئاگاداری دەدات کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە واتای ئاساییکردنی سێدارەی سیاسی، سڕینەوەی جەستەیی تۆمەتباران، دەستبەسەرداگرتنی تۆڵەسەنرانەی سامان و گۆڕینی دادگاکان بۆ ئامرازێکی کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتییە. هانا داوای وەستاندنی دەستبەجێی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سێدارە، کۆتاییهێنان بە دەستێوەردانی دامەزراوە ئەمنیەتیەکان لە پرۆسەی دادوەری، دڵنیایی دان بە دەستگەیشتنی خێرا و کاریگەر بە پارێزەری سەربەخۆ، قەدەغەکردنی تەواوی ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ، و دروستکردنی میکانیزمێکی سەربەخۆ بۆ پێداچوون بەرپرسیارێتی بەرپرسانی دادوەری، ئەمنیەتی و سپای پاسداران لەو دۆسیانە کە بە دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە، دەستبەسەرداگرتنی سامان و ئێعدام کۆتاییان دێت دەکات .
