رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، شارۆمەندێک بە ناوی رەسوڵ جەعفەری تەمەن ١٩ ساڵ کوردی کرمانج، خەڵکی شاری ئەسفەراینی سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور، لە جەریانی ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لەم شارە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکان بە سەختی برینداربووە و دواتر بە هۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لە دەستداوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هانای ڕاگەیاند، رەسوڵ جەعفەری دوای برینداربوونی بۆ نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی ئەسفەراین ڕاگوێزراوە بەڵام بە هۆی سەختی برینەکانیەوە ڕۆژی شەممە ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤، نزیک کاتژمێر ٣ی نیوەشەو گیانی لە دەستداوە.
ئەم سەرچاوەیە هەروەها زیادی کرد، تەرمی ئەم شارۆمەندە لە کاتێکدا ڕادەستی بنەماڵەکە کراوە کە موی سەری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کورت کراوەتەوە و بە گوشار خستە سەر بنەماڵەکە ناچار کراون منداڵەکەیان بە شەهیدی حکومەتی بناسێنن، گوشارێک کە بووە هۆی ئەوەی بنەماڵەکە ناچار بن تەرمی رەسوڵ جەعفەری بە شەو و بە شێوەی شاراوە ئەسپەردە بکەن.
