بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی سێشەممە ۱٦ی بەفرانباری ١٤٠٤، ماڵی دایکی پژار مەلەکی، نووسەر و چالاکی سیاسی، جارێکی دیکە لە لایەن سوپای پاسداران لە پارێزگای ئیلام گەمارۆ درا و هێرشی چەکداری کراوەتە سەر.
بەگوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا، لەم هێرشەدا، عسمەت قاسمی، دایکی پژار مەلەکی و دوو براکەی بە ناوەکانی ئەمین مەلەکی و میلاد مەلەکی، بەهۆی تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران برینداربوون و بۆ ناوەندە پزیشکییەکان گوازراونتەوە. تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە زانیاری دروست سەبارەت بە باری جەستەیی ئەوان لەبەردەستدا نییە.
پژار مەلەکی، نووسەر و چالاکی سیاسی، لە ئێستادا لە دەرەوەی ئێران دەژی.
شایانی باسە کە ماڵی بنەماڵەی ئەم چالاکە سیاسییە پێشتر لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی ١٤٠١دا بووەتە ئامانجی هێرشێکی چەکداری، کە تێیدا ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکەیشی بریندار بوون.
هێرشی چەکداری بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و بەئامانجکردنی ئەندامانی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی ژیان و مافی ئاسایشی کەسییە و لەگەڵ پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێویاندا پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان ناگونجێت و ناتەبایە.
