لە درێژەی هەڵسوکەوتە ئەمنییەتیەکان لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، لانیکەم دوو شارۆمەند لە دەرەشار دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ۱۲ی بەفرانباری ۱٤۰٤، (۲ی ژانویەی ۲۰۲٦) دوو شارۆمەندی کورد بە ناوەکانی “شایان ئەسلمەرز و بیژەن کەریمیان” خەڵکی دەرەشاری سەر بە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک لەسەر باری جەستەیی و شوێنی ڕاگیرانی ئەو دوو شارۆمەندە لەبەردەستدا نییە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتر لە ڕاپۆرتێکی جیادا ڕایگەیاندبوو کە ١٠ شارۆمەندی دیکەی شاری دێهلۆڕان لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
