عەزیزە مورادیان لە کانونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە مانی لە خواردن گرت

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: عەزیزە مورادیان تەمەن ٥٠ ساڵ، خەڵکی ئاوایی تەنگیسەری سەر بە شاری سنە و دانیشتوویی شاری مەریوان. لە ڕۆژی دووشەممە ١ی بەفرانباری ١٤٠٤ەوە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بەردەوامی دەستبەسەری و دەستڕانەگەیشتنی بە خزمەتگوزاری دەرمانی پێویست، لە کانونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە مانی لە خواردن گرتووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی هانا، ئەم بەندکراوەیە نەخۆشی مەعیدەی هەیە و پێش دەستبەسەر کرانی پێویستی بە چاوەدێری پزیشکی بووە، بەڵام لە کاتی دەستبەسەر کرانیەوە تا ئێستا بەرپرسانی کانونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە هیچ هەوڵێکی کاریگەریان بۆ دەرمان یا ڕاگوێزانی ئەو بۆ نەخۆشخانە ئەنجام نەداوە.

سەرچاوەکەی هانا زیادی کرد، بارودۆخی جەستەیی ئەم بەندکراوەیە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕوو لە خراپیە و بەردەوامی مانگرتن و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی دەتوانێت تەندروستنی و گیانی ئەو بخاتە بەردەم مەترسیەوە.

شایانی باسە عەزیزە مورادیان بەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٤، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرابوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین