بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: محەمەد عەلی وەیسی تەمەن ٣٣ ساڵ، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سەقز، لە ساتی دەستبەسەر کرانیەوە تا ئێستا چارەنوسی نادیارە.
هانا زانیویەتی محەممەد عەلی وەیسی تەنیا توانیویەتی لەم ماوەیەدا دوو پەیوەندی تەلەفۆنی کورت بە بنەماڵەکەی بکات.
ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ (٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی شەهرامفەری سنە ڕاگوێزراوە.
شایانی باسە تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە دامەزراوە ئەمنی و دادوەریەکان هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەیەکیان لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کردن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان و بارودۆخی یاسایی ئەم چالاکوانە ژینگە پارێزە نەخستووتەڕوو.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵ لە ئاست بەردەوامی دەستبەسەری و نادیار چارەنوسی ئەم شارۆمەندە، داوای ڕوونکردنەوەی بەپەلەی بارودۆخی یاسایی ئەو، ڕەچاو کردنی مافە سەرەتاییەکانی دەستبەسەرکراوان لەوانەش مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ بنەماڵە و وڵامدانەوەی بەرپرسانی پەیوەندیدار لەمبارەوە دەکات.
