بە پێی ڕاپۆرتی گەشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: کاوە ئەحمەدزادە بەندکراوی سیاسی پێشوو کە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزا تازەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی بۆکان ڕاگیرابوو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە هۆی کەمتەرخەمی بەرپرسان لەئاست بارودۆخی جەستەیی توشی وەستانی دڵ بووە و گیانی لە دەستداوە.
بە گوتەی سەرچاوەکانی هانا، تەرمی کاوە ئەحمەدزادە سەرەتا بۆ پشکنینی پزیشکی بۆ پزیشکی دادوەری ورمێ ڕاگوێزاوە و دوای چەند ڕۆژ، ڕۆژی دووشەمە ١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤، بەبێ هیچ جۆرە ڕوونکردنەوەیەک لە سەر هۆکاری مەرگی، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسیە بە هانای ڕاگەیاند، کە بەرپرسانی بەندیخانە دوای ٢٤ کاتژمێر هەواڵی گیان لە دەستدانی ئەویان بە بنەماڵەکەی داوە.
کاوە ئەحمەدزادە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هۆکاری چالاکی سیاسی لە کۆی گشتیدا سزای نزیک بە دە ساڵ بەندکرانی لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا تێپەڕ کردبوو.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا کەمتەرخەمی و پێڕانەگەیشتنی بەرپرسانی بەندیخانە بە یەکێک لە هۆکارەکانی پشت ئەم ڕووداوە دەزانێت.
