رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە کە ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٧ی دیسامبری ٢٠٢٥) محەمەد جەواد وەفایی سانی، تەمەن ٣٠ ساڵ، بەندکراوی سیاسی مەحکوم بە ئێعدام، لە بەندی سێهەمی بەندیخانەی وەکیل ئابادی مەشهەد بۆ بەندی شەشی ئەم بەندیخانەیە ڕاگوێزراوە.
بابەک پاکنیا پارێزەری ئەم بەندکراوەیە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند کە محەمەد جەواد وەفایی سانی بۆ بەندی شەشی بەندیخانەی وەکیل ئاباد ڕاگوێزراوە.
بە گوێرەی زانیاریەکانی هانا، سزای سێدارەی ئەم بەندکراوەیە پێشتر دوو جار لە لایەن دادگای باڵای وڵاتەوە ڕەت کراوەتەوە و لە مانگەکانی ڕابردوودا لە لایەن لقی نۆیەمی ئەم دادگایەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
ئەمە لە کاتێکایە کە لە کۆتاییەکانی خەرمانانی ١٤٠٣، لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی مەشهەد بۆ سێهەم جار بە تۆمەتی “ئەفساد فی الارز” سزای سێدارەی بە سەر ئەودا سەپاندبوو.
محەمەد جەواد وەفایی سانی ڕاهێنەری بۆکس، لە مانگی ڕەشەمەی ١٣٩٨، لە مەشهەد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر بۆ بەندیخانەی وەکیل ئاباد ڕاگوێزرا.
شایانی باسە یەکەم سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە سیاسیە بە تۆمەتی “ئەفساد فی الارز لە ڕێگای تێکدانی بە ئانقەست” لە دادگای شۆڕشی مەشهەد دەرچوو، بەڵام دادگای باڵای وڵات لە پێڕاگەیشتنی سەرەتایدا ئەم حوکمەی ڕەت کردەوە و دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای هاوتا کرد و لە دووهەم دادگایشدا دووبارە سزای سێدارەی بە سەردا سەپا، سزایەک کە لە جۆزەردانی ١٤٠٣، دووبارە لە لایەن دادگای باڵاوە ڕەت کرایەوە و لەگەڵ ئەمەش لە کۆتاییدا لقی نۆیەمی دادگای باڵا سزای لە سێدارەدانی سێهەمی پەسند کرد.
