بە بۆنەی ساڵڕۆژی پەسەندکردنی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵ، رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وەبیردەهێنێتەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٩٤/١٣٧٢، چووەتە پاڵ ئەم ڕێککەوتننامەیە و لە ماوەی سێ دەهەی ڕابردوودا بە بۆنەی ماددەکانی ٤ و ٤٤ی رێککەوتننامەکە پابەندبوونە پابەندکەر و بێ لێبوردنەکانی لە بواری پاراستن و گەرەنتی کردنی مافەکانی منداڵانی قەبوڵ کردووە.
سەرەڕای ئەم بەڵێنانە و بە پێچەوانەی بنەما بنەڕەتییەکانی کۆنوانسیۆن (لەوانەش بنەمای هەڵاواردن نەکردن، بنەمای بەرژەوەندییەکانی منداڵ، مافی مانەوە و گەشەکردن و مافی بەشداریکردن)، دۆخی ئێستای منداڵان لە ئێران ڕەنگدانەوەی بەردەوامی و فراوانبوونی پێشێلکارییە پێکهاتەیی، سیستماتیکی و بەردەوامی مافەکانیانە.
بێبەشکردن لە ناسنامەی یاسایی و هاوڵاتیبوون، نایەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی بە کوالیتی، توندوتیژی خێزانی و دامەزراوەیی، بڵاوبوونەوە و پەرەسەندنی هاوسەرگیریی منداڵان، نەبوونی میکانیزمی پاراستن بۆ منداڵانی کار و منداڵانی سەرشەقام و سنووردارکردنی بەربڵاوی مافی تەندروستی و خۆشگوزەرانی، پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی مادەکانی ٦، ٧، ١٢، ١٩، ٢٤، ٢٨، ٣٢، ٣٧، و ٣٩ی ڕێککەوتننامەکە پێکدەهێنن. ئەم حاڵەتانە جێبەجێنەکردنی کاریگەر و تەواوی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی دەوڵەت و لاوازی قووڵ لە میکانیزمەکانی پاراستن نیشان دەدەن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە جەختکردنەوە لەسەر سروشتی پابەندکەری ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی ئێران، داوا دەکات کە بڕگەکانی پەیماننامەی مافی منداڵان لە ئاستی یاسادانان و سیاسەتدا جێبەجێ بکرێن.
هانا هەروەها داوا لە حکومەت دەکات: دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامەکانی ناسنامە و ڕەگەزنامە بەبێ جیاوازی، هاوسەرگیری منداڵان لە ڕووی یاسایی و کارگێڕییەوە قەدەغە بکات و وەک تاوان پێناسەی بکات، سیستەمێکی نیشتمانی بۆ ڕێگریکردن و وەڵامدانەوەی توندوتیژی دژی منداڵان دابنێت، پێشکەشکردنی پەروەردەیەکی بێبەرامبەر، یەکسان و بەکوالیتی لە سەرانسەری وڵات دابین بکرێت و پەرەپێدان و جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی گشتگیر بە ستانداردی نێودەوڵەتی بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی کاری منداڵان ئامادە و جێبەجێ بکرێت. هەروەها وەبیردەهێنێتەوە، کە حکومەت پابەندە بە دەستپێکردنەوەی ڕاپۆرتە بەردەوام و شەفافەکانی بۆ لیژنەی مافی منداڵان بەپێی مادەی ٤٤ی ڕێککەوتننامەکە و ڕێوشوێنی چاودێریکردنی سەربەخۆ بە بەشداری کۆمەڵگەی مەدەنی دابین بکات.
منداڵان خاوەن مافە سەربەخۆکانن و پاراستنیان تەنها ئەرکێکی ئەخلاقی یان خۆبەخشانە نییە، بەڵکو بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتییەکی یاسایی و پابەندکەری دەوڵەتەکانە.
