کارمەندێکی ئاگر کوژێنەوە لە ناڕەزایەتی بەرامبەر پێنەدرانی موچەی چوار مانگی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا

بە پێی زانیاریەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، شاهو سەفەری کارمەندی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی شارەوانی سنە، بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، لە بەردەم بینای ئەو ئیدارەیە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، شاهو سەفەری، تەمەن ٣٤ ساڵ و باوکی دوو منداڵ، کارمەندی گرێبەستی شارەوانی سنە بووە کە نزیکەی چوار ساڵ بوو بە گرێبەستێکی کاتی لە ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی ئەو شارەدا کاری کردووە. ناوبراو لە ناڕەزایەتی بە پێنەدانی موچە و ئیمتیازاتی چوار مانگی لە بەردەم بینای ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی سنە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.

ئەو پاش ئەنجامدانی ئەو کارە نزیکەی لەسەدا ٣٠ی ئەندامەنی جەستەی لەوانەش “دەست و سنگ و مل و شانەکانی” سووتاوە و لە ئێستادا لە بەشی سووتاوی و چاودێری چڕی نەخۆشخانەی کەوسەر لە شاری سنە خەوێندراوە. سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاند کە ناوبراو بە ئامێری هەناسەدانەوە بەستراوەتەوە و باری گشتی تەندروستی بە مەترسیدار هەڵدەسەنگێندرێت.

بنەماڵە و هاوکارەکانی ئەم ئاگرکوژێنەوەیە ڕایانگەیاندووە، پێشتر چەندین جار پرسی دواکەوتنی موچەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان وروژاندووە بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێکی کاریگەر نەگیراوەتەبەر. باوکی دوو منداڵ، لەئێستادا لە شارێکدا لە دۆخێکی ناهەمواردایە کە زۆرێک لە کرێکاران و فەرمانبەرانی خزمەتگوزاری گلەیی لە ناسەقامگیری کار و دواکەوتنی موچە دەکەن.

بە وتەی هاوکارانی، شاهو سەفەری نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دواکەوتنی موچەی کارمەندان، لە حەوشەی شارەوانی سنە جارێکی دیکەش هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین