بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ماوەی ٩ ڕۆژە مامۆستا زانا حوسێنی ئیمام جەماعەت(پێشنوێژ)ی ئاوایی “تورکەپان”ی سەر بە شاری جوانڕۆ دەستبەسەر کراوە بەڵام تا ئێستا هیچ زانیاریەک لە سەر چارەنوس و شوێنی ڕاگیرانی لە بەر دەستدا نیە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، شەوی دووشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤(٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥) هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی سەرەڕۆیانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مامۆستا حوسێنی لە جوانڕۆ دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگوێزاوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مامۆستا حوسێنی نەخۆشی جەستەیی هەیە و پێویستە بەردەوام دەرمانەکانی بە کاربهێنێت، بەڵام تا ئێستا لە سەر دەستڕاگەیشتنی بە دەرمان و خزمەتگوزاری پزیشکی لە گرتووخانە، هیچ زانیاریەک بەردەست نیە.
بنەماڵەی ئەم مامۆستا سوننە مەزەبە دوای دەستبەسەر کرانی، بە مەبەستی ئاگادار بوونیان لە بارودۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگیرانی چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی جوانڕۆیان کردووە بەڵام لە لایەن بەرپرسانی ئەم دەزگا ئەمنییەوە هیچ جۆرە وڵامێکیان پێنەدراوەتەوە.
