دادگای باڵای وڵات سزای سێدارەی پێنج بەندکراوی کورد لە بۆکانی رەت کردەوە

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حوکمی لەسێدارەدانی پێنج بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی “تەیفور سەلیمی بابامیری، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، و ڕزگار بەیگزادە بابامیری” لە دەستبەسەر کراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان، لە لایەن لقی ٣٩ی دادگای باڵاوە ڕەت کراوەتەوە و دۆسیەکە ‌بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕەوانەی دادگای شۆڕشی مەهاباد کراوە.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە دەستمان کەوتووە، دوای پێداچوونەوە بە تانەکەی پارێزەرانی دۆسیەکە عوسمان مەزین، بێهروز کیا، و نەجات عەلیپور، ڕۆژی شەممە ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ (٢٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥) بە فەرمی بنەماڵەی ئەو زیندانیانە ئاگادار کراونەتەوە.

عوسمان مازین، پارێزەری بەرگری لە ڕزگار بەیگزادە بابامیری، هۆکاری دەرکردنی ئەم بڕیارەی دادگای باڵای ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، “بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو دادوەرەی کە حوکمی لەسێدارەدانی دەرکردووە لە کاتی نوسینی بڕیارەکەدا هیچ پۆستێکی لە لقی پەیوەندیداردا نەبووە بۆیە سزای لەسێدارەدان هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕەوانەی دادگای هاوسان و خاوەن دەسەڵاتی ناوچەیی واتە دادگای شۆڕشی مەهاباد کراوە.

هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەم پێنج زیندانییە سیاسییە لەگەڵ ژمارەیەک لە هاودۆسیەییەکانیاندا کە پێشتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون، لە لایەن دادگای تاوانەکانی ورمێ بە تۆمەتی “پارەدارکردنی تیرۆریسم” بێتاوان کراون.

تەیفور سەلیمی بابامیری، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی و ڕزگار بەیگزادە بابامیری پێشتر لە مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٤٠٤ لە لایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی “بەغی” و “موحاربە” بە ئێعدام و بە تۆمەتی ئەندام بوون لە گروپە تیرۆریستیەکان هەر کامەیان بە ١٥ ساڵ بەندکرانی تەعزیری، هەریەکە لە سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و پژمان سوڵتانی بە سێ جار ئیعدام، ڕزگار بەیگزادە بابامیری بە دوو جار ئیعدام و تەیفور سەلیمی بابامیری کە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو سزای یەکجار لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو بە گشتی ئەم پێنج زیندانییە جگە لە سزای لەسێدارەدان بە کۆی گشتی سزای ٧٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەم پێنج بەندکراوەیە لە ماوەی چەندین مانگ بەندکران لە سەرەتاییترین مافە یاساییەکانیان بێبەش کراون، لەوانەش دەستڕاگەیشتن بە پارێزەرێک بە دڵی خۆیان، مافی سەردانیکردنی خێزانەکەیان و چاودێری پزیشکی.

هەروەها بەڵگەی بەرفراوان لەسەر ئەشکەنجەدانی توندی جەستەیی و دەروونی بۆ ناچارکردنیان بە دانپێدادنانی زۆرەملێ، لە بەردەستدایە.

بە پشت بەستن بەم ڕاپۆرتە، لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ورمێ، هەروەها حوکمی بەندکران و جەریمەی نەختی بۆ هەشت تۆمەتباری دیکەی ئەو دۆسیەیە بە ناوەکانی “سیامەک حەیاسی، سوارە عەزیززادە، هێمن کرمانج، حوسێن حوسێنزادە، جەلیل مولودی، ئەحمەد مامە زادە، جوانمەرد مام خوسرەوی، و سالار داغدار” بە تۆمەتی “ئەندامبوون لەگەڵ گروپەکانی “ئەنجومەنی شۆڕشگێڕان، شاماران، کۆمەڵە و پاک”، “هاوکاری لەگەڵ حکومەتی ئیسرائیل”، و “سوکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی” دەرکردووە.

شایانی باسە کە ئەو شارۆمەندانە لە کۆتایی مانگی خاکەلێوە و سەرەتای مانگی گوڵانی ساڵی ١٤٠٢ بە هۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە دژی قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینی لە شارەکانی بوکان و بانە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گوازراونەتەوە. 

مقالات مرتبط

پر بیننده ترین ها