بە پێی زانیاریەکانی ڕێکخراوی مافی مڕۆڤی هانا،ڕۆژی پێنجشەممە ۳۰ی گەلاوێژی ١٤٠٤، سەربازێکی کورد بە ناوی “قادر خوڕەمی” خەڵکی ئاوایی سیاوانی سەر بە شاری شنۆ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
بە وتەی کەسانی ئاگادار، قادر خوڕەمی کە وەک کادری وەزیفە لە بەشی دادگای کرماشان خزمەتی دەکرد، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە جلی کوردی و چەکی (کڵاشینکۆف) چەند وێنەیەکی گرتووە و دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاتی سوپای پاسداران و هێزەکانی ئیتلاعاتی پۆلیسەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار له وتووێژێکدا له گەڵ هانا ڕایگەیاند، “گوشاری دەرونی لە ئەنجامی لێپرسینەوە و بێڕێزی پێکردن، قادری خستۆته دۆخێکی دەرونی زۆر نالەبارەوە، که دواجار بووهتە هۆی خۆکوشتنی”.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتر سەبارەت بە فشارە دەروونییەکانی پەیوەست بە خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ هۆشداری دابوو.
تا ساتی ئامادەکرانی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی لە کرماشان هیچ وەڵام و ڕونکردنەوەیەکی فەرمییان سەبارەت بە مەرگی قادر خوڕەمی نەداوە.