

لەم ڕۆژانە ، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بەشداری ئەندامانی کۆمەڵەی “TRE DITA” لە دەرەوەی بینای ئەو دادگایە کە تێیدا کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکانی پەیوەندیدار بە کۆچبەران تاوتوێ دەکرا ، بەڕێوەچوو . بڕێوبەری ئەم گردبوونەوەیە مەیسۆن مەجیدی ، چالاکی کورد و بەرپرسی ئەم ئەنجومەنە بوو کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە سیاسەتە تاوانکاریەکان دژی پەناخوازانی سیاسی ئەنجام درا .
خۆپێشاندەران بە هەڵگرتنی کۆمەڵێک وێنە و وتنەوەی دروشمی “پەناخوازان تاوانبار نین ، ئێمە هەموومان قاچاخچی نین” بە نسبەت پڕۆسە دادوەریەکان و کومەڵێک بڕووپاگەندە کە پەناخوازان لەگەڵ قاچاخچیەکان بەراوەرد دەکەن ، ناڕەزایەتییان دەربڕی .
لە میانی گردبوونەوەکەدا، مایسۆن مەجیدی جەختی لەسەر سروشتی زۆرەملێی کۆچبەری و پەنابەری کردەوە و ڕایگەیاند ؛ “پەناخوازان تاوانبار نین”. زاراوەی ‘قاچاخچی’ بۆ ئەو کەسانە بێمانایە کە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی بگەنە شوێنی سەلامەت. ئەوان قوربانی سیاسەت و پێکهاتە جیهانییە جیاکارییەکانن.
ئەو هەروەها ئاماژە بە دۆخی مەرجان جەمالی ژنە پەناخوازی ئێرانی کرد کە بە هۆی یاسای پیاو ساڵاری کۆماری ئیسلامی ناچار بوو وڵات بەجێبهڵێت .
مەیسۆن مەجیدی زیادی کرد ؛ مەرجان کەسایەتی سیاسی نییە بەڵکوو ژنێکە کە تەنیا دەیویست لەگەڵ کوڕە تەمەن هەشت ساڵانەکەی لە ئاسایشدا بژی ، کۆمەڵێک یاسا وەکوو پێدانی منداڵ بە باوک دوای تەمەنی ٧ ساڵ ، ئەویان بەرەو نائەمنی برد .
مەیسۆن لە درێژەدا تیشکی خستە سەر ڕاپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە ساڵی ٢٠٢٤ لە سەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران کە کۆماری ئیسلامی لانیکەم ١٢٤ شارۆمەندی کورد لەو ساڵەدا لە سێدارەداوە .
جگە لە لە سێدارەدانەکان ، لە ساڵی ٢٠٢٤ چوار زیندانی کورد لە زیندانەکانی ئێران لە بارودۆخی نادیار گیانیان لە دەستدا و بەرپرسان هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەوە نەدا .
هەروەها بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لانیکەم ٤١ کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی کوژران و ٢١٦ کەسیش بریندار بوون .
“ئێمە لێرەین تا دەنگی ڕاستی بە گوێی جیهان بگەینین”