ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەر کردن و ڕاگوێزانی ئیسماعیل یوسفی مامۆستای زمانی کوردی بۆ گرتنگەی ئیتڵاعاتی ورمێ

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤، ئیسماعیل یوسفی ، چالاکی ژینگەیی ، مامۆستای زمانی کوردی ، خەڵکی شاری بۆکان ، لە ڕێگای پەیوەندیەکی تەلەفۆنی کورتماوەدا بنەماڵەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ورمێ ڕاگیراوە .

بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکانی هانا ؛ ئەم پەیوەندیە کە تەنیا ٣٠ چرکەی خایاندووە ، یەکەم پەیوەندی بەڕێز یوسفی لەگەڵ بنەماڵەکەی لە کاتی دەستبەسەر کرانیەوە بووە .

ئیسماعیل یوسفی خێزاندارە و باوکی منداڵێکە .

شایانی باسە ، ڕۆژی دووشەممە ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی خۆسەرانە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەم شارۆمەندە و بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان لە خۆی و هاوسەرەکەی دەستبەسەریان کرد و دەستیان بە سەر مۆبایلی خۆیی و هاوسەرەکەدا گرت .

ئەو لەم ساڵانەدا لە بوارەکانی فێرکاری زمانی کوردی و پاراستنی ژینگە لە ناوچەی بۆکان چالاکی دەکرد .

تا ساتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتەپاڵ ئەم شارۆمەندە کوردە ، هیچ زانیاریەک لە بەردەستدا نیە .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین