بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ڕۆژی یەکشەممە ٧ی گوڵانی ١٤٠٤، حامد گراوەند ، تەمەن ٣٤ ساڵ ، خەڵکی ئاوایی سەرتەرهانی سەر بە شاری کوهدەشتی پارێزگای لوڕستان ، لە زیندانی قیماس ماهیدەشتی کرماشان بە خواردنی ژمارەیەکی زۆر حەب کۆتایی بە ژیانی خۆیی هێناوە .
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ، ئەو دوای ڕۆیشتنی بۆ لای دادیارێکی دادگای کرماشان بە ناوی “عەینی” بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ داواکاری مەرەخەسی ، ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی توند و بێڕێزی ئەم دادوەرە بووەتەوە و لە دوای ئەم هەڵسوکەوتە هەوڵی خۆکوشتنی داوە .
تەرمی ئەم زیندانیە دوای ڕاگوێزانی بۆ پزیشکی دادوەری کرماشان ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە .
شایانی باسە حامد گراوەند چەند ساڵێک لەمەوبەر بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەست بە “مادە هۆشبەرەکان” لە تاران دەستبەسەر و سەرەتا بە ٢٦ ساڵ زیندانی تەعزیری سزا درا و دواتر ئەم سزایە لە دادگای باڵای وڵات بۆ ١٣ ساڵ زیندان کەم کرایەوە .