لە سێدارەدانی نەهێنی حەمیدحوسێن نژاد حەیدەرانلو زیندانی سیاسی کورد لە شوێنێکی نادیار بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلو ، زیندانی سیاسی کورد لە رێکەوتی ١ی گوڵانی ١٤٠٤، بە شێوەی شاراوە و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی ، لە شوێنێکی نادیار لە سێدارە دراوە .

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەیەکەی باوەڕپێکراو وەرگیراون ؛ هەواڵی جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی ئەم زیندانیە سیاسیە بە پەیوەندی تەلەفۆنی بە بنەماڵەکەی ڕاگەینراوە ، بەڵام هیچ جۆرە زانیاریەکیان لە سەر شوێنی لەسێدارەدان و کاتەکەی و هەروەها ڕادەست کردنی تەرمەکەی ، پێنەدراوە .

تا ساتی ئامادە کرانی ئەم ڕاپۆرتە تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە و نیگەرانیەکان سەبارەت بە ناشتنی تەرمەکەی بە نهێنی و بەبێ ئامادە بوونی بنەماڵەکەی ، زیادی کردووە .

هەواڵدەری فارس ، نزیک لە سوپای پاسداران ، بە بڵاو کردنەوەی ڕاپۆرتێکی کورت جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی ئەم زیندانیە سیاسیەی پشتڕاست کردووەتەوە ، بەڵام وردەکاری زیاتری لە سەر دۆسیەکە و رێکەوتی جێبەجێ کرانی سزاکەی بڵاو نەکردووەتەوە .

حەمید حوسێن نژاد حەیدەرانلو ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوەیەک لە دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی سیاسی کە تا ئێستاش ڕوون نەکراوەتەوە سزای سێدارەی بە سەردا سەپێنرابوو .

پڕۆسەی پێڕاگەیشتن بە دۆسیەکەی لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی دادگایی کردنی دادپەروەرانە ناتەبا بوو و کۆمەڵێک ڕاپۆرت لە سەر بە کار هێنانی گوشار و ئەشکەنجە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە سەردەمی دەستبەسەر بوونیدا ، بڵاو کراوەتەوە .

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە سێدارەدانی نەهێنی ئەم زیندانیە سیاسیە بە پێشێلکاری ئاشکرای مافی مرۆڤ و درێژەی سیاسەتی سەرکوتی سیستماتیک لە دژی چالاکانی سیاسی کورد دەزانێت و داوای وڵامدەرەوە کردنی بەرپرسانی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر ئەم لە سێدارەدانە و ڕوونکردنەوەی چارەنوسی تەرمی ئەم زیندانیە ، دەکات .

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین