بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، محەمەد دانیالی ، چالاکی کولتوری-مەدەنی و ئەندامی گروپی شاخەوانی “بنار” ئاودانان ، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئیلام ڕاگوێزراوە .
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتووە ؛ ناوبراو پێشتر لە لایەن دادگای دێهڵۆڕان بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و تەبانی لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵایەتی ” بە دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری بە هەژمار کرانی ماوەی دەستبەسەر بوونی پێشوویی ، سزا درابوو .
شایانی باسە ئەم شارۆمەندە پێشتر لە رێکەوتی ٢٤ی گوڵانی ١٤٠٢، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دێهڵۆڕان دەستبەسەر کرا و دوای ٦٠ ڕۆژ بەندکران بە دانانی بارمتەی پێنج ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی ، لە گرتنگەی ناوەندی ئیلام ئازاد کرابوو .
ئەم شارۆمەندە کوردە لە ئەنجامی بێڕێزی پێکردن ، تاشینی سەری و هەروەها پێڕانەگیشتن بە دۆسیەکەی ، لە ماوەی دەستبەسەر بوونیدا لانیکەم دوو جار مانی لە خواردن گرتبوو .