بەیاننامەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان

بەیاننامەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان

ڕۆژی جیهانی ژنان بۆ یەکەمجار لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە ئەمریکا و دواتر لە وڵاتانی دیکەدا یادی کرایەوە کە ڕەگ و ڕیشەی لە خەباتی مێژوویی ژنان بۆ مافی یەکسان ، هەلومەرجی کارکردنی شایستە و مافی دەنگدان هەیە.

ئەم ڕۆژە بۆتە هێمای پێداگری و خۆڕاگری ژنان بەرامبەر بە نایەکسانی لە ئاستە جیاجیاکاندا و بەدرێژایی دەیان ساڵ بووەتە سەکۆیەک بۆ جەختکردنەوە لەسەر دادپەروەری ڕەگەزی و نەهێشتنی هەڵاواردن دژی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا .لە ئێران، هەشتی مارس هەمیشە بیرهێنانەوەی خەباتی ژنان لە دژی یاسا و پێکهاتە جیاکارییەکان بووە.

ژنانی ئێران دەیان ساڵە بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانیان هەر لەو کاتەوەی کە یەکەمین یاسای مەدەنی و بنەماڵەیی نووسراوە بۆ مافی یەکسان لە ژیانی هاوسەرگیری ، جیابوونەوە ، سەرپەرشتیکردن و میرات ، کار و تەنانەت ئازادی جلوبەرگ خەبات دەکەن .ناڕەزایەتی و بزووتنەکانی مافی ژنان لە ئێران بە تایبەتی بزووتنەوەی “ژن ، ژیان ، ئازادی” جارێکیتر نیشانیدا کە ژنان لە خەتی پێشەوەی خەباتن بۆ گەشتن بە ئازادی و یەکسانی و دەنگیان بووەتە یەکێک لە گرینگرتین دەنگەکان بۆ گۆڕانگاری لە ئێران .

سەرەڕای ئەوەی کە ژنان بە گشتی لە سیستەمی فیقهی-یاسایی کۆماری

ئیسلامی ئێراندا لە ژێر گوشاری چەوساندنەوە و نایەکسانیدان ، بەڵام ئەم نادادپەروەری و نایەکسانییە لە نێوان ژنانی سەر بە کەمایەتییە نەتەوەیی و زمانەوانی و ئایینییەکان فۆرمێکی یەکتربڕینی وەرگرتووە .لەم نێوەندەدا ژنانی کورد ڕووبەڕووی چەوساندنەوەی دوو هێندە و هەڵاواردنی چەند لایەیی دەبنەوە . ئەوان نەک تەنها لەبەر ئەوەی ژنن بەڵکو بەهۆی پەیوەندییە نەتەوەیی-زمانی-ئاینییەکانیشەوە ڕووبەڕووی جیاکاری و گوشاری یاسایی ، کولتوری و عۆرفی دەبنەوە .

نیزامی یاسایی ئێران کە لە زۆربەی بەشەکاندا بۆ ژنان سنووری دیاریکراوی داناوە بۆ ژنانی کورد ئاڵۆزی زیاتری درووست کردووە . سیستەمی یاسای بنەماڵە لە ئێراندا ملکەچی یەک سیستەمی یاسایی نەبووە بەڵکو سیستمی یاسایی کە پرسەکانی یاسای بنەماڵە بەڕێوە دەبات، بۆ باسکردنی “بارودۆخی کەسی” و ملکەچی ئایینی کەسێک کورتکراوەتەوە .

زۆرینەی ژنانی کورد بە هۆی شافیعی بوون بە دەست دوو جۆرە هەڵاواردنەوە دەناڵێنن لە خستنەڕووی یاساکانی بنەماڵە لە بابەتەکانی وەک هاوسەرگیری، تەڵاق و میراتدا. ئاڵۆزیی مەسەلەکە کاتێک زیاتر دەردەکەوێ کە پرسەکانی باری کەسایەتی بە پێی فیقهی شافیعی هەرگیز فۆرمولە نەکراون و یەک دەقی یاسایی لەو بارەوە نییە .

دادگاکانی خێزان بەبێ دەستێوەردانی جەوهەری بە شێوەیەکی سەرەکی کەیسەکانی خێزان ڕەوانەی ئەنجومەنی ڕۆحانییەکان لە شارە جیاجیاکان دەکەن و ئەو پیاوە ئاینیانەن کە بەبێ هیچ چاودێرییەکی یاسایی سەرەتایی سەبارەت بە بابەتی بڕیار و فیقهی ئەوان لەلایەن دادوەری دادگای خێزانەوە داڕێژرێت . ئەم دۆخە کە تا ئێستا سەرنج و بایەخی جددی پێنەدراوە ، لە ڕاستیدا زۆرێک لە ژنانی کوردی خستۆتە بازنەی نادادپەروەری یاسایی بێکۆتاییەوە .

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، بە دوورکەوتنەوە لە دروشمە گشتییەکان و هاوتەریب لەگەڵ لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر ئەمساڵ دەستی بە پڕۆژەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لەسەر مافەکانی بنەماڵە ، بەتایبەتی مافی هاوسەرگیری یەکسان و تەڵاق بۆ ژنانی کورد کردووە . ئەم پڕۆژەیە کە بە جەختکردنەوە لەسەر ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەڕێوەدەچێت، هەوڵ دەدات ڕەهەندە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانی هەڵاواردنی پێکهاتەیی یاسایی بەرامبەر ژنانی کورد ڕوون بکاتەوە و ڕێگەچارەی کردەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەو نادادپەروەریانە دابین بکات .رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ٨ی مارسی ٢٠٢٥

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین