بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ڕۆژی سێشەممە “٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٣” سەیاد دەروێشی خەڵکی ئاوایی بالور و برای “فەرجاد دەروێشی” لە گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا لە ورمێ ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ڕاگوێزراوە .
سەیاد دەروێشی لە رێکەوتی ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ ، لە لایەن ئیدارەی ئیتڵاعاتی سوپا دەستبەسەر کرا و لە رێکەوتی ١٨ی سەرماوەز بۆ بەندیخانەی ناوەندی تەورێز ڕاگوێزرا و لە رێکەوتی ١٠ی بەفرانبار هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناخەکانی دادڕەسی لە بەندیخانەی ئەو شارە ئازاد کرابوو .
شایانی باسە فەرجاد دەروێشی تەمەن ٢٤ ساڵ ، شەوی سێشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ ، لە شەقامی وەلیعەسری ورمێ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکومەت بریندار بوو کە لە کاتی ڕاگوێزانی بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەستدابوو .