بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا : ئەمڕۆ سێشەممە “٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٣” دوو شارۆمەند بە ناوەکانی “سەلاح فەتحی” خەڵکی ئاوایی “قەڵارەیحان” و دانیشتووی ئاوایی ڕەشیدئاوا و “مانی محەممەدی” خەڵکی ئاوایی “تۆرێزخاتون”ی دیواندەرە ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون .
هەروەها ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٣ دوو شارۆمەندیتر بە ناوەکانی "ئامانج ئەحمەدی" و "پویا (ناوی خێزانی نادیار) هەر دووکیان خەڵکی ئاوایی "ڕەشیدئاوا"ی دیواندەرە ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران .
تا ساتی ئامادە کرانی ئەم هەواڵە زانیاری سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی ڕاگیرانی ئەم شارۆمەندانە بەردەست نیە .
لەگەڵ دەستبەسەر کرانی ئەم چوار شارۆمەندە ، لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانان تاوەکوو ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٣ لانیکەم ١٣ شارۆمەندی کوردی خەڵکی دیواندەرە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و زانیاریەکانیان لە لایەن رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بڵاو کراوەتەوە .