ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ وەزیری دەرەوەی بۆسنی و هەرزەگۆڤین دەرکردنی چوار هاووڵاتیی ئێرانی،لەوانە سێ دیپلۆماتکاری باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی لە سارایێڤۆ،بە گومانی ئەنجامدانی چالاکیی سیخوڕی پشتڕاست کردەوە.
ئەم بڕیارە بەدوای لێکۆڵینەوەکانی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی بۆسنیدا دراوە.بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان،یەکێک لە کەسە دەرکراوەکان سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات بووە و سێ کەسەکەی دیکەش پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانەوە هەبووە.
ئەم هەنگاوەی حکومەتی بۆسنی لە چوارچێوەی مادەی ٩ی ڕێکەوتننامەی ڤیەن ساڵی ١٩٦١ سەبارەت بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ئەنجام دراوە.بەکارهێنانی پەردەپۆشیی دیپلۆماسی بۆ چالاکیی سیخوڕی و ئۆپەراسیۆنی نایاسایی،پێشێلکردنی مادەکانی ٣ و ٤١ی ئەم ڕێکەوتنامەیە و پێچەوانەی بنەمای نیازپاکییە لە جێبەجێکردنی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکاندا.
خراپ بەکارهێنانی پەردەپۆشی دیپلۆماسی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پێشینەی هەیە و نموونەکانی تەنانەت لە ڕێڕەوی دادوەریی وڵاتانی ئەوروپیشدا سەلمێنراون.سزادانی ئەسەدوڵڵا ئەسەدی، دیپلۆماتکاری کۆماری ئیسلامی،بە ٢٠ ساڵ زیندانیکردن لە بەلژیک لە ساڵی ٢٠٢١ بە تاوانی بەشداریکردن لە ئامادەکاری بۆ هێرشێکی تیرۆریستی،یەکێکە لە نموونە دیارەکانی ئەم ڕەفتارە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هەمیشە داوای سنووردارکردنی چالاکیی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتی خراپ بەکارهێنانی ئیمتیازە دیپلۆماسییەکاندا،دەرکردنی ئەو کارمەندانەی لە ئۆپەراسیۆنە نایاساییەکاندا تێوەگلاون و هەڵگرتنی پارێزبەندیی دادوەرییان بە مەبەستی بەدواداچوونی سزایی کردووە.
هانا داوا لە حکومەتە میواندارەکان دەکات بەرامبەر بە خراپ بەکارهێنانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ پێشخستنی سیاسەتی سەرکوتی دەرەوەی سنوورەکان و هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نەیارانی سیاسی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ،ڕێوشوێنی یاسایی و ئەمنی کاریگەر بگرنە بەر. پارێزبەندی دیپلۆماسی گەرەنتی جێبەجێکردنی شەرعی ئەرکە دیپلۆماسییەکانە،نەک مۆڵەتدان بە ئەنجامدانی تاوان و هەڵاتن لە دادپەروەری.
