سزادانی ئەندازیار موراد محەمەدی، هاووڵاتیی خەڵکی ئاودانان بە چوار ساڵ بەندکردن

بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەندازیار موراد محەمەدی، ئەندازیاری شارستانی و بەڵێندەری بیناسازی، خەڵکی شارستانی ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» و بڵاوکردنەوەی چەند ستۆرییەک سەبارەت بە جلوبەرگی کوردی و شوناسی کوردی، بە گشتی سزای چوار ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێنراوە.

بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، ناوبراو بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» سزای سێ ساڵ و حەوت مانگ و بەهۆی بڵاوکردنەوەی ستۆرییەکانی پەیوەست بە شوناسی کوردییەوە سزای حەوت مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێنراوە. موراد محەمەدی کە بەهۆی چالاکییە پیشەییەکانی لە بواری ئەندازیاریی شارستانی و بەڵێندەریدا دانیشتووی دێهلۆڕان بووە، نزیکەی شەش مانگ لەمەوبەر خۆی بە زیندانی ناوەندیی ئیلام ناساندووە و لەو کاتەوە تا ئێستا لەو زیندانەدا ڕاگیراوە.

هەروەها زانیارییە بەدەستهاتووەکان ئاماژە بە نالەباربوونی دۆخی دەروونیی ناوبراو لە ماوەی بەندکرانیدا دەکەن، ئەمەش بابەتێکە کە بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ڕاگرتنی، پێویستیی پێڕاگەیشتن بە دۆخی دەروونی و تەندروستیی جەستەیی ئەو دوو هێندە دەکاتەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی موراد محەمەدی، داوای پێڕاگەیشتنی دەستبەجێی پزیشکی بۆ دۆخەکەی و دابینکردنی پێداویستییە دەرمانییە پێویستەکان بۆ ئەم زیندانییە دەکات.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین