لە سەروبەندی ٢٥ی نۆڤەمبەر، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دەفتەری یاسایی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا نیگەرانی قووڵ لە زیادبوونی حاڵەتە تۆمارکراوەکانی ژنکوژی و بەردەوامیی توندوتیژیی پێکهاتەیی دژی ژنان و کچان لە ئێراندا دەردەبڕێت.
ژنکوژی ناتوانرێت تەنها بە تاوانێکی تاکەکەسی هەژمار بکرێت، کە لە ئەنجامی ناکۆکی خێزانی یان ململانێی سۆزدارییەوە سەرهەڵدەدات. لە زۆر حاڵەتدا ئەم دیاردەیە توندترین دەرکەوتنی توندوتیژی ڕەگەزییە و دەرئەنجامی پەیوەندی نایەکسانی دەسەڵات و هەژموونی پیاوسالاری و جیاکاری یاسایی و میکانیزمی پشتیوانی ناکاریگەرە.
هانا بە لێکۆڵینەوە لە داتا بەڵگەدارە بڵاوکراوەکان سەبارەت بە ژنکوژی لە ئێران توانیویەتی وێنەیەکی نیگەرانکەر لە ڕەهەندەکانی ئەم توندوتیژییە بکێشێت. لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا لانیکەم ٥٥ حاڵەتی کوشتنی ژنان تۆمارکراوە، کە لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا بۆ ٩٣ حاڵەت بەرزبووەتەوە؛ زیادبوونی نزیکەی لەسەدا ٦٩ لە حاڵەتە تۆمارکراوەکاندا.
لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٢٠٧ حاڵەتی کوشتنی ژنان لە ئێراندا بەڵگەدار بووە. ئەم ئامارانە بە لەبەرچاوگرتنی سنوورداربوونی دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە دادوەرییەکان و شاردنەوەی زۆرێک لە حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی و نەبوونی سیستەمێکی شەفاف بۆ تۆمارکردن و بڵاوکردنەوەی داتاکان، مەرج نییە ڕەهەندە تەواوەکانی ئەم دیاردەیە ڕەنگ بداتەوە.
یاسا بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە کە بناغە قووڵەکانی لە کولتوور و بەها باڵادەستەکان و پەیوەندییەکانی دەسەڵاتەوە وەرئەگرێت و بە شێوەیەکی بەرامبەر ڕۆڵی لە چەسپاندن یان گۆڕانکارییاندا دەگێڕێت. بۆیە ناکرێت توندوتیژی دژ بە ژنان سەربەخۆ لە پێکهاتە کولتووری و یاساییەکان بپشکنرێت.
چەمکەکانی وەک نامووس، غیرەت و ئابڕووی خێزانی، کاتێک دەبنە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕەفتار و هەڵبژاردنەکانی ژنان، دەتوانن ببنە هۆی ئاساییبوونەوەی توندوتیژی و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی باڵادەستی پیاو. جەستەی ژنان موڵکی پیاوان نییە و نابێت بە دۆمەینی مومارەسەی دەسەڵات یان نیشاندانی شەرەف و کەرامەتی پیاوانە هەژمار بکرێت.
ژنان خاوەنی تاکایەتی سەربەخۆ و کەرامەتی مرۆڤایەتی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە و خێزان و کۆمەڵگا و حکومەت پابەندن بە ڕێزگرتن و پاراستنی ئەو مافانە.
مافی ژن بۆ جەستەی خۆی و پاراستنی یەکپارچەیی جەستەیی و دەروونی خۆی، بەبێ گوێدانە باری هاوسەرگیری و پەیوەندی خێزانی، مافێکی بنەڕەتی مرۆڤە. هیچ پەیوەندییەکی خزمایەتی یان پەیوەندی هاوسەرگیری مافی زاڵبوون بەسەر جەستە و ئازادی و ژیانی ژناندا دروست ناکات. تەنانەت لە ئەگەری ناپاکی سۆزداری یان پێشێلکردنی ئەرکەکانی هاوسەرگیری، هیچ پاساوێکی ئەخلاقی، کولتووری و یاسایی بۆ توندوتیژی، هەڕەشە، یان کوشتن بوونی نییە.
یەکێک لە دیارترین نموونەکانی هەڵاواردن لە سیستەمی تاوانکاریی ئێراندا مادەی ٣٠١ی یاسای سزادانی ئیسلامییە کە باوک و باپیرە لە قەساس لە ئەگەری کوشتنی بە ئەنقەستی منداڵەکانیان بەخشراوە. هەرچەندە لە مادەی ٦١٢ی کتێبی پێنجەمی یاسای سزادانی ئیسلامیدا، کاتێک مەرجە یاساییەکان جێبەجێ دەکرێن، سزای سێ تا دە ساڵ زیندانیکردن دیاری کراوە، بەڵام ئەم جیاکارییە لە وەڵامدانەوەی تاوانکاریدا بۆ کوشتنی بە ئەنقەست، تەحەدایەکی جددی بۆ بنەمای پاراستنی یەکسانی مافی ژیان و پێویستی لێپرسینەوەی کاریگەرە.
ڕەخنەگرتن لەم بڕگانە پەیوەندی بە داوای سزای لەسێدارەدان یان فراوانکردنی قساسەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە نەهێشتنی ئیمتیازاتی تاوانکاری جیاکاری، دەستەبەرکردنی سزای ڕێژەیی و ڕێگریکردنە لە بێ سزایی ئەنجامدەرانی توندوتیژی کوشندە.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی مادەی ٦ی پەیمانی نێودەوڵەتی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و مادەکانی ٦ و ١٩ی کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان پابەندە بە پاراستنی مافی ژیان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی کاریگەر بۆ پێشگرتن لە توندوتیژی دژی منداڵان. ئەم پابەندبوونانە تەنها بە تاوانبارکردنی کوشتن سنووردار نین، بەڵکو بریتین لە دەستنیشانکردنی مەترسییەکان، پێشکەشکردنی پشتگیری دەستبەجێ بۆ قوربانییە ئەگەرییەکان، مامەڵەکردنی کاریگەرانەی سکاڵاکان و دادگاییکردنی تاوانباران. کاتێک کە هەڕەشەی کوشتن یان مێژووی توندوتیژی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بزانرێت یان بە شێوەیەکی مەنتقی پێشبینی دەکرێت، نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پاراستنی پێویست لەوانەیە بەرپرسیارێتی مافی مرۆڤی دەوڵەت بهێنێتە ئاراوە.
هانا لە ئاست کەمکردنەوەی ژنکوژی بۆ دەستەواژەگەلێک وەک “ناکۆکی خێزان” یان “پرسی نامووسی” هۆشداری دەدات دەستەواژەگەلێک کە دەتوانێت سروشتی ڕەگەزی تاوانەکە و بەرپرسیارێتی تاوانبارەکە تەمومژاوی بکات. لە زۆر حاڵەتدا ژنکوژی لوتکەی زنجیرەیەک هەڕەشە، کۆنترۆڵکردنی زۆرەملێ و زەوتی سەبەخۆیی تاکەکەسییە. کوشتنی کارەساتبارانەی سەوگەند سەیادی لە کرماشان جارێکی دیکە تیشکی خستە سەر پێویستی گرنگیدانی جددی بە سەلامەتی کچان و بەرپرسیارێتی پشیوانی بنەماڵە، دامەزراوە پەروەردەییەکان و دەسەڵاتی قەزایی. دەفتەری یاسایی هانا جەخت لەوە دەکاتەوە کە چارەسەرکردنی ژنکوژی پێویستی بە چاکسازی لە یاسا جیاکارییەکان، دروستکردنی میکانیزمی پاراستنی کاریگەر لە توندوتیژی خێزانی، دابینکردنی پەناگەی سەلامەت، دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری ژنان، بەرەنگاربوونەوەی هاوسەرگیری زۆرەملێ و هاوسەرگیری منداڵان و پەروەردەکردن لەسەر یەکسانی ڕەگەزی هەیە.
بەرپرسیارێتی سیستەمی یاسایی نابێت تەنها دوای ئەوەی کوشتنێک ڕوویدا دەست پێبکات؛ ڕێگریکردن لە توندوتیژی و پاراستنی ئەو ژنانەی لە بەردەم مەترسیدان لە بنەڕەتیترین ئەرکەکانی دەوڵەتە.
بەردەوامیی ژنکوژی لە ئێراندا تەنیا نیشانەی قەیرانی بنەماڵەیی یان فەرهەنگی نییە، بەڵکو پرسێکی بنەڕەتییە لە سەروەری یاسا و دادپەروەری ڕەگەزی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، هیچ نەریتێک، چەمکێکی نامووس و کەرامەت، دەسەڵاتی خێزان، یان خزمایەتی ناتوانێت لە سەر مافی ژیان و ئازادی و کەرامەتی مرۆڤی ژناندا زاڵ بێت.
کۆمەڵگایەک کە نەتوانێت ژیان و سەربەخۆیی ژنان و کچان لە توندوتیژی بپارێزێت، لە سەرەتاییترین مەرجەکانی دادپەروەری و یەکسانی زۆر دوورە.
دەفتەری یاسایی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
نۆڤەمبەری ٢٠٢٦
