ڕاپۆرتی هانا لەسەر نزیکەی چوار مانگ بێ هەواڵی لە تەرمی سەید ئەحمەد ئیسماعیلی و بەردەوامی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی

هانا، لەگەڵ تێپەڕبوونی نزیکەی چوار مانگ بەسەر گیانبەختکردنی سەید ئەحمەد ئیسماعیلی، هاووڵاتی خەڵکی مەهاباد، بەهۆی تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بنەماڵەکەی هێشتا لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی تەرمەکەی بێ ئاگان و بەدواداچوونە بەردەوامەکانیان لە ناوەندە ئەمنی و ئیتڵاعاتییەکان تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، ڕۆژی ٧ی گەلاوێژی ١٤٠٥، سەید ئەحمەد ئیسماعیلی لە جەریانی تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لە نزیک شاری بۆکان،بەهۆی تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەست داوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە کاتی ڕوودانی ئەم ڕووداوە تا ئێستا، تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە و شوێنی ڕاگرتن یان بەخاکسپاردنی ئەگەریشی دیاری نییە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هانا، بنەماڵەی ئەم هاوڵاتییە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانیان لە شارەکانی بۆکان، مەهاباد و ورمێ کردووە، بەڵام بەرپرسانی پەیوەندیدار خۆیان لە پێدانی هەر جۆرە وەڵامێکی ڕوون و بەڵگەدار سەبارەت بە چارەنووسی تەرمەکەی بواردووە. ئەم دۆخە بنەماڵەکەی خستووەتە ناو دڵەڕاوکێ و چارەنووسێکی نادیاری بەردەوامەوە و لە ئەگەری ناسینەوە، وەرگرتنەوە و بەخاکسپاردنی تەرمی ڕۆڵەکەیان بێبەشی کردوون.

لە ڕوانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ کاتێک دێتە دی کە بێبەشکردنی کەسێک لە ئازادی لەلایەن بەرپرسانی حکومەتییەوە یان بە پشتیوانی و ڕەزامەندی ئەوان،هاوکات بێت لەگەڵ نکۆڵیکردن لەم کارە یان شاردنەوەی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی کەسەکە. گیانلەدەستدانی کەسەکەش بە ناچاری کۆتایی بەم دۆخە ناهێنێت. لەم دۆسیەیەدا،ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی ڕوودانی مەرگەکە،ئەگەری کەوتنەدەستی سەید ئەحمەد ئیسماعیلی بۆ لای هێزە حکومەتییەکان پێش گیانلەدەستدانی و چارەنووسی تەرمەکەی،بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەگەری ڕوودانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ زۆر پێویستە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا جەخت دەکاتەوە کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی سەلماندنی ناونیشانی یاسایی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، خۆبواردنی بەرپرسان لە ڕوونکردنەوەی چارەنووسی تەرمی کەسێکی گیانلەدەستداو،بەتایبەت لە ڕووداوێکدا کە مەرگەکەی دراوەتە پاڵ تەقەی هێزە حکومەتییەکان، نیگەرانییەکی جیددی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی بنەماڵەکە بۆ زانینی ڕاستی، ڕێزگرتن لە کەرامەتی گیانبەختکردوو و پابەندبوونی دەوڵەت بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی کاریگەر و سەربەخۆ دروست دەکات.

هانا داوای ڕوونکردنەوەی دەستبەجێ و بەڵگەداری چارەنووسی تەرمی سەید ئەحمەد ئیسماعیلی،ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ سەبارەت بە بارودۆخی گیانلەدەستدانی،ڕاگەیاندنی شوێنی ڕاگرتن یان بەخاکسپاردنی ئەگەری تەرمەکە و ڕادەستکردنەوەی بە بنەماڵەکەی دەکات.
بنەماڵەکەی مافی خۆیانە لە ڕاستیی ئەوەی ڕووی داوە ئاگادار بن و بەبێ دەستوەردانی سەرەڕۆیانە، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ڕۆڵەکەیان بەپێی بیروباوەڕ و دابونەریتەکانی خۆیان بەڕێوە ببەن.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین