بەپێی ئەو زانیارییانەی گەشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ئەمیرعەلی و عیماد زاکری فەرد، دوو برای وەرزشوانی خەڵکی ئیلام و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە چەندین تۆمەتی جۆراوجۆر سزای قورسی زیندانی تەعزیری، جەریمە و لێدانی قامچیان بەسەردا سەپێنراوە.
سزاکانی ئەم دوو برایە دوای پەسندکرانیان لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلام،لە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ لەلایەن لقی ١٥ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پەسند کراون و ناوبراوان لە ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥ بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام گواستراونەتەوە.
ئەم دوو هاوڵاتییە لە ڕۆژی ١١ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە کاتی هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ سەر ماڵی دایکیان لە ئیلام دەستبەسەر کران.ئەم دوو برا دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا لە ئیلام گواستراونەتەوە و بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بە مەبەستی وەرگرتنی دان پێدانانی زۆرەملێ،خراونەتە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونییەوە.لە ئەنجامی ئەم ئەشکەنجانەدا،ئەمیرعەلی لە ناحیەی سەر،مل و شانی و عیماد لە ناحیەی سەر و قاچی تووشی ئازارپێگەیشتن و برینداری بوون. هەروەها عیماد لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا تووشی جەڵتەی دڵ بووە،بەڵام سەرەڕای خراپی دۆخی جەستەیی،لە مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بێبەش کراوە و لێکۆڵینەوەکان لێی بەردەوام بوون.
ئەم دوو برایە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی لێکۆڵینەوەکە بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام گواستراونەتەوە و چەند حەفتەیەک دواتر بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراون. ئەمیرعەلی زاکریفەرد لە ڕێکەوتی ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤ بۆ جاری دووەم لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرایەوە و دوای چەند حەفتەیەک،بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد و ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرا.
دۆسیەی ئەم دوو برایە دوای دەرچوونی کەیفەرخواست بۆ لقی ١٠٤ی دادگای تاوانەکانی دووی ئیلام ڕەوانە کرا.ئەم لقە لە ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤ هەرکامێکیانی بە تۆمەتگەلێکی وەک سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام،سووکایەتیکردن بە ڕێبەر،پڕوپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی،ڕاگرتنی نایاسایی چەک و تەقەمەنی،هەڵگرتن و ڕاگرتنی چەکی ساچمەیی،کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئاسایشی ناوخۆیی،شێواندنی نەزم و ئاسایشی گشتی،ڕاگرتنی خواردنەوە کحولییەکان و ئامێرەکانی ماهوارە، بە ٣٣ ساڵ زیندانی تەعزیری،پێبژاردنی ٦ ملیارد و ٢٥٠ ملیۆن ڕیاڵ سزای دارایی و ٧٠ زەربە قامچی مەحکووم کرد.
هەروەها ئەمیرعەلی زاکری فەرد لە دۆسیەیەکی جیاوازدا،لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیلامەوە بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری دیکە مەحکووم کراوە.بەم شێوەیە کۆی گشتیی سزاکانی زیندانیکردن کە بۆ ئەمیرعەلی زاکریفەرد دەرچووە ٣٥ ساڵ و بۆ عیماد زاکری فەرد ٣٣ ساڵە.
سزاکانی دەرکراو دوای ماوەیەک لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلام وەک خۆی پەسند کرایەوە و لە ڕێکەوتی ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥یشدا لەلایەن لقی ١٥ی دیوانی باڵای وڵاتەوە پەسند کرا.بەپێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان توندترین سزا،واتە ١٠ ساڵ زیندانیکردن،بۆ هەرکام لەم دوو برایە جێبەجێ دەکرێت.
شایانی باسە کە ئەمیرعەلی و عیماد زاکری فەرد لە ڕێکەوتی ٣ی پووشپەڕی ١٤٠٥ەوە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانی زیندانی بۆ زیندانی ناوەندیی ئیلام گواستراونەتەوە و ئێستا ماوەی مەحکوومیەتەکەیان لەو زیندانەدا بەسەر دەبەن.
