کامێران: میلاد ئیبراهیمی لە بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار لە بە بەندکران سزای دارایی مەحکووم کرا

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا؛ میلاد ئیبراهیمی، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی کامێران کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ بە تەقەی فیشەکی جەنگیی هێزەکانی سوپای پاسداران بریندار بووبوو و ماوەیەک دواتر دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ساڵێک بەندکرانی تەعزیری و پێدانی ٤٠٠ ملیۆن تمەن سزای دارایی بەسەردا سەپێنراوە.

بەپێی زانیارییە وەرگیراوەکانی هانا، دانیشتنی پێڕاگەییشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە لە کۆتاییەکانی ڕەزبەری ١٤٠٥ لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ۲ی کامێران بەڕێوە چووە و ناوبراو بە تۆمەتی “تێکدانی نەزمی گشتی” بە سزای ئاماژەپێکراو مەحکووم کراوە، ئەم حوکمە ڕۆژی ٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

میلاد ئیبراهیمی ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کامێران، بەهۆی دەستڕێژی گوللەی هێزەکانی سوپای پاسداران و پێکرانی فیشەکی جەنگی لە بەشی کەمەر و پشتی بەتوندی بریندار بوو و پاش گواستنەوەی بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی سنە نەشتەرگەریی بۆ کرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییەی بڵاو کردبووەوە کە ناوبراو ڕۆژی ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، لە کاتێکدا کە بەهۆی هەوکردنی برینی فیشەک پێویستی بە خەواندنی دووبارە لە نەخۆشخانە و بەردەوامیی ڕەوتی چارەسەری پزیشکی بوو، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی سنە گوازرابووەوە.

شایانی باسە، ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و خزمەتگوزارییە دەرمانییە گونجاوەکان بێبەش بوو و سەرەنجام ڕۆژی ٨ی ڕەشەممەی ١٤٠٤ بە دانانی بارمتە، بە شێوەیەکی کاتی و تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن لە دەستبەسەرگە ئازاد کرا.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین