برینداربوونی کۆڵبەرێک بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان لە سنووری بانە

بەپێی زانیارییە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، ڕۆژی سێشەممە ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، عەلی مەشهووری، کۆڵبەری خێزاندار و خاوەن منداڵ، خەڵکی گوندی کەنەسوورە سەر بە شاری بانە، لە نزیک پاسگای سنووریی برۆیشکانی کەوتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان و بەسەختی بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هانا، هێزە سەربازییەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە تەقەیان لەم کۆڵبەرە کردووە کە بەوهۆیەوە ناوبراو لە هەردوو قاچیەوە بە سەختی بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەییووبی بانە گوازراوەتەوە. تا ئێستا زانیاریی زیاتر لەبارەی دۆخی جەستەیی و ڕەوتی چارەسەرکردنی لە بەردەستدا نییە.

تەقەکردنی ڕاستەوخۆ لە کۆڵبەران بەبێ بوونی هەڕەشە لەسەر گیانی مەئمووران یان کەسانی دیکە، بووەتە ڕێکارێکی دووبارەبووەوە لە هەڵسوکەوتی هێزەکانی پاسەوانی سنووری کۆماری ئیسلامی لە کوردستان؛ ڕێکارێک کە بە شێوەیەکی جیددی هەڕەشە لە مافی ژیانی هاووڵاتییان دەکات. ڕاپۆرتە جۆراوجۆرەکانی هانا دەریدەخەن کە لەم تەقەکردنانەدا، تەنانەت مەرجەکانی یاسای ناوخۆیی کۆماری ئیسلامیش سەبارەت بە پێویستیی بەکارهێنانی چەک، هۆشداریی پێشوەختە و ڕەچاوکردنی قۆناغە یاساییەکانی تەقەکردن پشتگوێ دەخرێن.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین