ڕاپۆرتی هانا لە سی و حەوتەمین ساڵیادی تیرۆری سدیق کەمانگەر، یەکێک لە ڕێبەرانی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران؛ کەیسێک لە تیرۆرە حکومییەکانی کۆماری ئیسلامی

سی و حەوت ساڵ لەمەوبەر، لە بەرەبەیانی ١٣ی خەرمانانی ١٣٦٨ی هەتاوی، سدیق کەمانگەر، پارێزەر، یاساناس و یەکێک لە ڕێبەرانی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، لە شوێنی جێگیربوونی ئەم ڕێکخراوە لە نزیک ڕانیە، لە هەرێمی کوردستان، درایە بەر دەستڕێژی گوللە و گیانی لەدەست دا.

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی چوار دەیە، بڕیاردەران و داڕێژەرانی ئەم کوشتنە هەرگیز لەبەردەم هیچ ناوەندێکی قەزاییی سەربەخۆدا وەڵامدەرەوە نەبوونەتەوە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە بۆنەی سی و حەوتەمین ساڵیادی تیرۆری سدیق کەمانگەر، بەڵگەنامە و گێڕانەوە بەردەستەکان، شایەدیی ئاگاداران، سەرچاوە ڕێکخراوەییەکان و لێکۆڵینەوەکانی لەگەڵ شایەتحاڵان ئەنجامدراو لەبارەی ئەم پەروەندەیە هەڵسەنگاندووە.

دەرەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە، گەیشتن بەو ئەنجامەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسیارە لە کوشتنی کەمانگەر.کۆی بەڵگە بەردەستەکان نیشان دەدەن کە ئەو نەبووە قوربانیی کوشتنێکی تاکەکەسی یان شەخسی، بەڵکوو لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەختە داڕێژراو بە ئامانجی سڕینەوەی سیاسی و بە دەستی کەسێکی نفوزی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.

سدیق کەمانگەر پێش ئەوەی وەک یەکێک لە ڕێبەرە سیاسییە کوردەکان بناسرێت، پارێزەر و یاساناس بوو. ناوبراو لە سنە خەریکی پیشەی پارێزەری بوو و بەرگریکردن لە جووتیاران لە بەرامبەر پەیوەندییە نادادپەروەرانەکانی خاوەندارێتی و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، بەشێکی ناسراوی چالاکییە پیشەییەکانی بوو.

کەمانگەر لە چالاکییە یاسایی، پیشەیی و مەدەنییەکاندا بەشدار بوو و لە کاتی گۆڕانکارییەکانی ساڵی ١٣٥٧دا لە خستنەڕووی داواکارییە سیاسی و مەدەنییەکانی خەڵکی کوردستاندا دەوری سەرەکیی گێڕا.

گرنگیی پێگەی ئەو تەنیا لە پیشەی پارێزەری یان بەرپرسیارێتییە سیاسییەکەیدا کورت نەدەبووەوە. لە سەردەمێکدا کە ئەدەبیاتی مافی مرۆڤ لە ئێراندا هێشتا لە ڕووی سەرچاوە، وەرگێڕان و فێرکاریی زانکۆییەوە زۆر سنووردار بوو، کەمانگەر لە نووسین و وتارەکانیدا باسی لە ئازادییە سەرەتاییەکان، یەکسانی، ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ڕێکخراوەیی و پێویستیی سنووردارکردنی دەسەڵاتی سیاسی دەکرد.

ئەو لەو یاساناسانە بوو کە داواکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بە بنەماکانی ماف، ئازادی و دادپەروەرییەوە گرێ دەدا. هەر ئەم پێگە یاسایی، کۆمەڵایەتی و سیاسییە، ناوبراوی لە نێو نەیارانی کۆماری ئیسلامیدا کردبووە کەسایەتییەکی دیار.

بەپێی گێڕانەوەکان، کەمانگەر شەوی ١٢ی خەرمانانی ١٣٦٨ بۆ تەواوکردنی دەقێک کە بڕیار بوو لە ڕادیۆوە بڵاو بکرێتەوە، لە شوێنی کارەکەی خۆی مابووەوە. دەوروبەری کاتژمێر دووی بەرەبەیان، پاسەوانەکەی بە چەکی ئۆتۆماتیک تەقەی لێ کرد.

بکوژەکە دوای تەقەکردنەکە دەستبەجێ شوێنەکەی جێهێشت و لە ڕێگەیەکەوە کە دەرفەتی چوونەدەرەوەی خێرای لە کەمپەکە بۆ فەراهەم دەکرد، هەڵات.
بکوژی ڕاستەوخۆ لە چەندین سەرچاوەدا بە ناوی تۆفیق گرژاڵی ناسێندراوە. ئەو پێشتر ئەندامی کۆمەڵە بوو، پاشان وازی لە ڕێکخراوەکە هێنابوو و خۆی ڕادەستی کۆماری ئیسلامی کردبووەوە. دوای ماوەیەک دووبارە گەڕابووەوە نێو ڕیزەکانی حیزب و لە کۆتاییدا لە هێزی چاودێری و پاراستنی ڕێبەرایەتیدا جێگیر کرابوو.
ئەم پێگەیە دەرفەتی دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆی بە سدیق کەمانگەر، ئاگاداری لە هاتووچۆکانی و ناسینی ڕێوشوێنە پارێزگارییەکانی پێ دەبەخشی. گەڕانەوەی بکوژ دوای پەیوەندیکردنی بە کۆماری ئیسلامی، ڕێ دۆزینەوەی بۆ ناو هێزی پاراستن، دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆ بە قوربانییەکی دیاریکراو، ناسینی پێشوەختەی شوێنەکە، هەڵبژاردنی کاتی گونجاو بۆ ئەنجامدانی کوشتنەکە و هەڵاتنی بەرنامەبۆداڕێژراو، ڕووداوی لێکدابڕاو نین.
ئەم نیشانە و بەڵگانە، لەگەڵ شایەدییەکانی ئاگاداران و لێکۆڵینەوەکانی هانا لەگەڵ شایەتحاڵان دەربارەی پەیوەندیی بکوژ بە دەزگای ئەمنیی کۆماری ئیسلامی و هۆکاری کوشتنی کەمانگەر، پێکهاتەی ئۆپەراسیۆنێکی نفووزی و ئامانجدار ئاشکرا دەکەن.
لە ڕوانگەی هەڵسەنگاندنی یاساییی بەڵگەکانەوە، گرنگیی پەروەندەکە ڕێک لەو پەیوەندییەی نێوان ڕەفتاری بکوژ پێش کوشتنەکە، جۆری دەستڕاگەیشتنی بە قوربانییەکە و شێوازی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەدایە.
کوشتنەکە بە بڕیاری پێشوەختە ئەنجام دراوە و قوربانییەکەش لە پێشەوە دیاریکراو بووە. بکوژ بۆ دەستکەوتنی پێگەیەک کە دەرفەتی کوشتنەکەی بۆ فەراهەم بکات، چووەتە نێو هێزی چاودێری و پاراستن و دوای بەدیهێنانی ئامانجەکەش لە شوێنەکە هەڵاتووە.
نیەتی تاوانکارانەی کوشتنەکە لە مەبەستی ئاگادارانە بۆ زەوتکردنی ژیانی کەسێکی دیاریکراو و ئامانجی سیاسیی ئۆپەراسیۆنەکەدا بەرجەستە دەبێت. لەم ڕووەوە، کوشتنی سدیق کەمانگەر خاوەنی ماهییەتی تیرۆرێکی سیاسیی ڕێکخراوی حکوومی بوو.لەسەر ئەم بنەمایە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا خستنەپاڵی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەلمێندراو دەزانێت. ئەوەی هێشتا پێویستی بە لێکۆڵینەوەی قەزایی هەیە، ئەسڵی خستنەپاڵی کوشتنەکە نییە، بەڵکوو دیاریکردنی وردی زنجیرەی مەراتیبی فەرماندەیی و بەرپرسیارێتیی سزاییی ئەو کەسانەیە کە لە دەرکردنی فەرمان، داڕشتن، گواستنەوەی مەئمووریەت، پاڵپشتی و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەوریان هەبووە.

ئەم جیاوازییە لە ڕوانگەی یاسایییەوە گرنگییەکی سەرەکی هەیە. خستنەپاڵی کارێک بۆ سەر دەوڵەت لەگەڵ سەلماندنی بەرپرسیارێتیی سزاییی تاکەکەسی یەک نین. ڕەفتاری کەسێک کە لەسەر بنەمای فەرمان، ڕێنوێنی یان کۆنتڕۆڵی ناوەندە حکوومییەکان کار دەکات، دەکرێت بخرێتە پاڵ دەوڵەت؛ بەڵام مەحکوومکردنی سزاییی کەسانی دیاریکراو پێویستی بە ناسینەوەی دەوری هەر تاکێک و سەلماندنی زانیاری و مەبەستی ئەو لە پرۆسەی ئەنجامدانی تاوانەکەدا هەیە.

بە نهێنی مانەوەی ئەرشیفە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی و نەبوونی لێکۆڵینەوەیەکی قەزاییی سەربەخۆ، لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا ڕێگر بووە لە ناسینەوەی تەواوی ئەم زنجیرەی بەرپرسیارێتییە.

لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤەوە، کوشتنی ئەنقەستی نەیارێکی سیاسی لە دەرەوەی هەر جۆرە پرۆسەیەکی قەزایی، نموونەیەکی بەرچاوی زەوتکردنی هەڕەمەکیی مافی ژیان و کوشتنی فراقانونییە.

ئەندامێتی لە حیزب، نەیاری لەگەڵ حکوومەت یان چالاکیی سیاسی هیچ مۆڵەتێک بۆ بێبەشکردنی کەسێک لە مافی ژیان دروست ناکات. کاتێک وەها کوشتنێک لەلایەن کەسێکی ژێر فەرمان یان ڕێنوێنیی دەوڵەتەوە ئەنجام بدرێت، جیا لە بەرپرسیارێتیی سزاییی ئەنجامدەران و بڕیاردەران، بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتیی دەوڵەتیش دێتە ئاراوە.

ڕوودانی ئۆپەراسیۆنەکە لە خاکی عێراقدا بوارێکی دیکەی ئەم پەروەندەیە دەخاتە ڕوو. کۆماری ئیسلامی هیچ دەسەڵاتێکی بۆ بەکارهێنانی نهێنیی هێز و لەناوبردنی تاکەکەسیی نەیارێکی سیاسی لە خاکی دەوڵەتێکی دیکەدا نەبووە.
ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی کوشتن لە خاکی عێراقدا، جگە لە پێشێلکردنی مافی ژیان، دەستدرێژی بۆ سەر سەروەریی خاکی ئەو وڵاتەش هەژمار دەکرێت. بەرپرسانی کاتیی عێراقیش ئەرکدار بوون دەربارەی کوشتنێک کە لە خاکی وڵاتەکەیاندا ڕووی داوە، لێکۆڵینەوەی کاریگەر بکەن، بەڵگەکان بپارێزن، لەگەڵ شایەتحاڵەکان لێکۆڵینەوە بکەن و بکوژان و کەسانی پەیوەندیدار بە پەروەندەکە دەستنیشان و دیاری بکەن.

نەبوونی لێکۆڵینەوەیەکی قەزاییی کاریگەر، ڕۆڵێکی گرنگی لە بەردەوامیی بێسزاییی بکوژانی ئەم تاوانەدا هەبووە.

تیرۆری سدیق کەمانگەر ناتوانرێت بە جیا لە کۆمەڵە تیرۆرە سنووربەزێنەکانی کۆماری ئیسلامی دژی ڕێبەران و چالاکانی کورد لێک بدرێتەوە. کوشتنی عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێکانی لە ڤیەننا لە مانگی جولای ساڵی ١٩٨٩، تیرۆری سدیق کەمانگەر لە سێپتەمبەری هەمان ساڵ لە کوردستانی عێراق، کوشتنی سادق شەرەفکەندی و هاوڕێکانی لە بەرلین لە ساڵی ١٩٩٢ و ئۆپەراسیۆنە هاوشێوەکانی دیکە، پێویستیی لێکۆڵینەوە لە سیاسەتێکی بەرفراوانتری حکوومی بۆ سڕینەوەی جەستەییی نەیارە سیاسییەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دەخەنە ڕوو.

کەیسی «میکۆنۆس» لەم ڕووەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. لەو کەیسەدا، دەوری بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی لە بڕیاردان دەربارەی تیرۆری ڕێبەرانی کورد کرا بە بابەتی پێڕاگەییشتنی دادگایەکی سەربەخۆ.

دۆزینەوەکانی ئەو پەروەندەیە بەخۆی جێگرەوەی سەلماندنی سەربەخۆی بەرپرسیارێتی لە پەروەندەی کەمانگەردا نابێت، بەڵام لە هەڵسەنگاندنی پێکهاتەی بڕیاردان، شێوازی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و شێوازی ڕەفتاری حکوومەتی کۆماری ئیسلامیدا گرنگییەکی بنەڕەتییان هەیە.

لە ڕوانگەی هاناوە، کوشتنی سدیق کەمانگەر بەشێکە لە دۆسیە گەورەکەی تیرۆرە ڕێکخراوە حکوومییەکانی کۆماری ئیسلامی دژی ڕێبەران و نەیارانی کورد.

لێکۆڵینەوە لەم دۆسیانە دەبێت لە ئاستی ئەنجامدەرانی ڕاستەوخۆ تێپەڕێت و پێکهاتەی بڕیاردان، ناوەندە ئەمنییە بەشدارەکان، شێوازی ڕاکێشان و ڕێنوێنیی بکوژان، تۆڕەکانی پاڵپشتی و زنجیرەی فەرماندەیی بگرێتەوە.

تێپەڕبوونی نزیکەی چوار دەیە هیچ کاریگەرییەکی بێتاوانکردنی بۆ بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی ئەم کوشتنە نییە. کات ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی لێکۆڵینەوە، ڕاستی و بەرپرسیارێتی.

لە ئەگەری سەلماندنی بنەماکانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت تاوان دژی مرۆڤایەتی، بنەمای جێبەجێنەکردنی (بەسەرچوونی کات) ڕاستەوخۆ دێتە ئاراوە. هیچ کەس نابێت بتوانێت لە نهێنیبوونی بەڵگەکان، دەسەڵاتی حکوومی یان تێپەڕبوونی کات بۆ گۆڕینی بێ‌سزا مانەوەی کردەیی بۆ پارێزبەندیی یاسایی سوود وەربگرێت.

هەر بۆیە، دۆسیەی سدیق کەمانگەر و تیرۆرە سنووربەزێنەکانی تری کۆماری ئیسلامی دەبێت یەکێک لە بەشە سەرەکییەکانی هەر میکانیزمێکی داهاتووی دادپەروەریی گوزەر بن لە ئێراندا.ئەمەش پێویستی بە کردنەوەی ئەرشیڤە ئەمنی، زانیاری و دیپلۆماسییەکان، پاراستن و تۆمارکردنی شایەدیی شایەتحاڵەکان، ناسینەوەی پێکهاتەی فەرماندەیی، دیاریکردنی بەرپرسیارێتیی سزایی بڕیاردەران و ئەنجامدەران و گەرەنتی کردنی مافی بنەماڵەی قوربانیان و کۆمەڵگە بۆ گەیشتن بە ڕاستی و قەرەبووکردنەوە هەیە.

دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە بەرانبەر بەم دۆسیانە ناتوانێت تەنیا لە تۆمارکردنی مێژوویی یان ئاشکراکردنی ڕاستی هێماییدا کورت بێتەوە. لە بەرانبەر کوشتنی ئەنقەست و پێشێلکارییە قورسەکانی مافی مرۆڤدا، ئاشکراکردنی ڕاستی دەبێت بگاتە وەڵامدەرەوەبوونی سزایی.

دۆسیەی سدیق کەمانگەر دوای سی و حەوت ساڵ هێشتا کراوەیە. تێپەڕبوونی کات نە بەرپرسیارێتییەکەی سڕیوەتەوە و نە مافی گەیشتن بە ڕاستی و دادپەروەریی لەناو بردووە.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین