بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەیشتوون، ڕۆژی یەکشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی ، «سێران عەرەبی»، بلاگێڕی خەڵکی مەهاباد، لە ئەنجامی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی سووکایەتیئامێز دەربارەی محەممەدی ماملێ، هونەرمەندی گەورە و خۆشەویستی کورد، لەلایەن پۆلیسی فەتاوە دەستبەسەر کرا و بۆ ناوەندی یاسایی ئەم شارە گواسترایەوە.
لاپەڕەی ئینستاگرامەکەشی بە فەرمانی قەزاییی لەبەردەست لادراوە. فەرماندەی ئینتیزامیی مەهاباد، بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیەی وەک هۆکاری دروستکردنی دۆسیە ڕاگەیاندووە.
لە ناوەڕۆکی ڤیدیۆکەدا، بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە باس لە محەممەدی ماملێ کرابوو؛ بابەتێک کە ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی هاووڵاتییان و چالاکانی کولتووریی لێ کەوتەوە.
سێران عەرەبی پێش دەستبەسەرکرانی، ڤیدیۆکەی سڕیبووەوە و بە بڵاوکردنەوەی چەند پەیامێکی ڤیدیۆیی، داوای لێبوردنی لە بنەماڵەی محەممەدی ماملێ و خەڵکی مەهاباد کردبوو.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، ناونیشانی وردی تۆمەتەکە، جۆری بڕیاری ئامادەبوونی تۆمەتبار ، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی ئێستای ناوبراو ڕانەگەیەندراوە. هەروەها ڕوون نییە کە داخستنی تەواوەتیی لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی لەسەر بنەمای کام بڕیاری دادوەری و بۆ چ ماوەیەک ئەنجام دراوە.
پاڵپشتی لە حەیسییەت و ناوبانگی کەسەکان، نابێت ئامانجێکی ڕەوا بۆ سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و پێگەی کولتووریی محەممەدی ماملێ بکرێتە بیانوو بۆ سووکایەتی یان نزمکردنەوەی کەسایەتی. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەوایەتیی ئامانجەکە بە تەنیا پاساو نییە بۆ دەستێوەردانی سزایی.
دەستبەسەرکردن، بەدواداچوونی سزایی و داخستنی تەواوەتیی میدیایەکی کەسی دەبێت بنەمایەکی یاساییی ڕوونی هەبێت و دەبێت لە چوارچێوەی بنەماکانی زەروورەت و گونجاندا بێت. دەسەڵاتی قەزایی دەبێت زیانی دیاریکراوی ناشی لەو ناوەڕۆکە و پێویستیی پەنابردن بۆ ڕێکاری سنووردارکەر بسەلمێنێت، بەتایبەت کە بابەتەکە پێش دەستبەسەرکردن سڕدراوەتەوە و داوای لێبوردنیش کراوە.
ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی ژنکوژی لە کوردستان، لەوانەش کوشتنی «ئاتووسا جەعفەری» لە سنە و «لەتیفە محەممەدزادە» لە سەقز، ڕاپۆرت کراون.
لەم کەیسەکاندا، پێشینەی هەڕەشە و توندوتیژی پێش کوشتنەکە هەبووە، بەڵام هێشتا میکانیزمێکی یاساییی گشتگیر و کاریگەر بۆ هەڵسەنگاندنی خێرای مەترسی، دەرکردنی فەرمانی پاراستن، دەستڕاگەیشتن بە شوێنی ئارام و دەستێوەردانی ڕێگریکارانەی ناوەندە ئینتیزامی و قەزاییه کان بوونی نییە.
خستنەڕووی ئەم بەراوردە بە واتای کەمکردنەوەی بایەخی سووکایەتیکردن بە محەممەدی ماملێ نییە؛ کێشەکە ناهاوسەنگییەکی ئاشکرا لە ئەولەویەتە یاسایی و دادگاییەکاندا هەیە.
لایەنی یاسادانان بۆ پاڵپشتی لە حەیسییەتی کەسەکان، «سووکایەتی» کردووەتە تاوان و دەزگای قەزاییش بۆ سڕینەوەی ناوەڕۆک و دەستبەسەرکردنی بڵاوکەرەوەکەی بە خێرایی دێتە نێو گۆڕەپان، بەڵام مافی ژیانی ژنان، ئاسایشی کەسی و پارێزراوبوونیان لە توندوتیژی، لە پاڵپشتییەکی ڕێگریکارانەی هاوسەنگ بێبەشن.
پابەندبوونی حکوومەت بۆ پاراستنی گیانی ژنان، تەنیا لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بکوژ دوای ڕوودانی تاوان کورت نابێتەوە. هەر کاتێک مەترسیی توندوتیژی ڕاستەقینە و پێشبینیکراو بێت، ناوەندە بەرپرسەکان ئەرکدارن پێش ڕوودانی زیان، ڕێکاری کاریگەر و گونجان بۆ پاراستنی ئەو ژنەی لە مەترسیدایە بگرنە بەر.
نەبوونی وەها میکانیزمێک، لە تەنیشت کاردانەوەی خێرا و توند بەرانبەر بە ناوەڕۆکێکی سووکایەتیئامێز، ناهاوسەنگیی سیستەمی یاسادانان و قەزایی کۆماری ئیسلامی لە پاڵپشتیی حەیسییەتی کەسەکان لە لایەک و گیان و ئاسایشی ژنان لە لایەکی ترەوە ئاشکرا دەکات.
هانا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە پێگەی محەممەدی ماملێ و بەرپرسیارێتیی بەکارهێنەران لە خۆپاراستن لە دەربڕینی سووکایەتیئامێز، جەخت لەسەر ڕەچاوکردنی مافەکانی سێران عەرەبی، دەستڕاگەیشتنی بە پارێزەر و شەفافیەتی پرۆسەی دادوەری دەکاتەوە.
پاراستنی حەیسییەتی کەسەکان نابێت ببێتە هۆی سەپاندنی سنووردارکردنی ناگونجاو بەسەر ئازادییە بنەڕەتییەکاندا و هەستیاریی دادوەری بەرانبەر بە سووکایەتیش ناتوانێت کەلێنی بەردەوامی پاڵپشتی لە ژنان لە بەرانبەر توندوتیژیدا بشارێتەوە.
