ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هانا بە توندترین شێوازی ڕێگەپێدراو، درێژەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دژ بە کەمپ و ئۆردووگا و شوێنە نیشتەجیبوونەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات و نیگەرانیی قووڵ دەردەبڕێت سەبارەت بە ڕەهەندە یاسایی و مرۆییەکانی ئەم هێرشانە، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی یاسا ناچارییەکانی مرۆڤدۆستیی نێودەوڵەتیدا.
بەپێی زانیاری و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی “هانا”، ئەم هێرشانە تەنیا بنکە و شوێنە سەربازییەکانیان نەکردووەتە ئامانج؛ بەڵکوو لە چەندین حاڵەتدا، ئەو ناوچانەیان ڕاستەوخۆ بۆردومان کردووە کە شوێنی نیشتەجێبوون و ژیانی مەدەنییەکان بوون، لەوانە: ژنان، منداڵان، بنەماڵەی ئەندامانی حیزبەکان و پەنابەرانی سیاسیی کوردی ئێران، بوونی قوتابخانە، بنکەی تەندروستی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و گەڕەکە مەدەنییەکان لە هەندێک لەم کەمپانەدا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە بەشێکی زۆری ئەم شوێنانە ناسنامەیەکی تەواو مەدەنییان هەبووە.
لە ڕوانگەی قانوونە نێودەوڵەتییەکانەوە، هەر جۆرە هێرشێک کە بە بێ ڕەچاوکردنی بنەما سەرەکییەکانی “جیاکاری”، “هاوسەنگی” و “وریاکاری” ئەنجام بدرێت، دەکرێت وەک پێشێلکارییەکی جددیی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان هەژمار بکرێت. هێرشکردنە سەر ئەو ناوچانەی کە خەڵکی مەدەنییان تێدایە یان هەر هێرشێک کە شوێنەوارەکانی بە شێوەیەکی پێشبینیکراو بەرەو ڕووی هاوڵاتییانی مەدەنی و موڵک و ماڵی گشتی ببێتەوە، نەک تەنیا دەبێتە هۆی بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتی بۆ ئەو دەوڵەتەی هێرشەکەی ئەنجام داوە، بەڵکوو لە چوارچێوەی پێشێلکارییەکی زەقی یاسا بنەڕەتییەکانی پاراستنی مەدەنییەکانیشدا پۆلێن دەکرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هانا” جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستانی عێراق، وەک بەشێک لە خاکی عێراق، پارێزبەندیی “سەروەریی نیشتمانی” و “قەدەغەی بەکارهێنانی هێز” لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەیگرێتەوە؛ هەربۆیە هەر جۆرە هێرشێکی سنووربەزێن بە بێ مۆڵەتی یاسایی باوەڕپێکراو و بە بێ ڕەچاوکردنی مەرجە توندەکانی قانوونە نێودەوڵەتییەکان، بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەما یاساییە جیهانییەکان ئەژمار دەکرێت. بەکارهێنانی بەردەوامی هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر ئەو ناوچانەی کە پەنابەران و کەسانی پارێزراوی تێدا نیشتەجێن، نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی توندوتیژیی سنووربەزێن دژی نەیارانی سیاسی، قووڵتر دەکاتەوە.
هانا هەروەها هۆشداری دەدات کە بەردەوامیی ئەم هێرشانە، ژیانی پەنابەرانی سیاسیی کوردی ئێران و بنەماڵەکانیانی ڕووبەڕووی مەترسییەکی دووهێندە کردووەتەوە. ئەو کەسانەی پێشتر لە ئەنجامی هەڕەشە، سەرکوت و ڕاوەدوونانی سیاسی ناچار بە جێهێشتنی ئێران بوون، ئێستاش لە شوێنی پەنابەرییاندا لەگەڵ مەترسیی مردن، برینداربوون، ئاوارەبوونەوەی دووبارە و نائەمنیی بەردەوامدا بەرەو ڕوون. ئەم دۆخە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە پاراستنی کەسانی مەدەنی و ئەو کەسانەی پێویستییان بە پاراستنی نێودەوڵەتی هەیە، دەخاتە ژێر پرسیار و بەرپرسیارێتییەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هانا” داوا لە حکوومەتی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیاردەرە تایبەتەکان، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ و هەموو میکانیزمە نێودەوڵەتییە بەرپرسەکان دەکات کە بەرامبەر بەم هێرشانە هەڵوێستێکی بەپەلە، کاریگەر و بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان نیشان بدەن؛ هەروەها گوشاری پێویست بۆ ڕاگرتنی ئەم کردەوانە دروست بکەن و زەمینەی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ، بەڵگەنامەکردنی یاسایی و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەران و فەرماندەرانی ئەم هێرشانە بڕەخسێنن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هانا
١١ی مارسی ٢٠٢٦
