رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کراوەتەوە، لە درێژەی شەپۆلی بانگ کردن و دەستبەسەر کردنی چالاکوانانی کرێکاری و مەدەنی لە شارەکانی کوردستان تەوفیق مەحمودی چالاکی کرێکاری خەڵکی شاری سنە، بە وەرگرتنی بانگهێشت نامەیەک بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئەم شارە بانگ کراوە.
بە پێی ئەم بانگهێشت نامەیە کە لە لایەن لقی چواری لێکۆڵەری دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری سنەوە نێردراوە، ئەم چالاکی کرێکاریە پێویستە لە ماوەی پێنج ڕۆژدا بە مەبەستی بەرگریکردن لەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی، لە شوێنی ئاماژە پێدراو ئامادە بێت.
شایانی باسە، ئەم بانگ کردنە هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلی گوشارە ئەمنی و دادوەریەکان بۆ سەر چالاکانی کرێکاری و مەدەنی لە شارەکانی کوردستان کە بەشێکیان بانگ کراون و بەشێکیان دەستبەسەر و دۆسیەی دادوەری لە دژیان کراوەتەوە.
