ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگادار کرایەوە کە داواکاری مافی پەنابەری فەریبورز ڕەزایی ڕۆژنامەنووس، پێشکەشکاری ڕاگەیاندن و چالاکی مافی مرۆڤی کورد کە ئێستا لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە، لەلایەن ئیدارەی کۆچبەری ئەو وڵاتەوە ڕەت کراوەتەوە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە هانا گەیشتووە، فەریبورز ڕەزایی لە ساڵی ٢٠١٩ەوە، بە ناوی ڕاستەقینەی خۆی و ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی بەردەوام لە میدیای مافی مرۆڤ، بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان، و سۆشیال میدیادا چالاک بووە.
چالاکییە میدیاییەکانی، لەوانە بەرهەمهێنان و جێبەجێکردنی بەرنامەکان، هەروەها لێدوانی گشتی لە ئەرشیفی میدیا و فەزای ئەلیکترۆنیدا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەستن و بە ئاسانی دەناسرێنەوە. بە سەرنجدان بە سروشتی چالاکی میدیایی و مافی مرۆڤی ئەم ڕۆژنامەنووسە و بە تایبەت گرنگیدان بە پرسە هەستیارەکانی پەیوەست بە بارودۆخی مافی مرۆڤ و پێشهاتەکانی ئێران، ئەگەر بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەم وڵاتە، ڕووبەڕووی مەترسیی گەورەی لێپێچینەوەی یاسایی و دەستبەسەرکردن و ڕێوشوێنی ئەمنی لەلایەن دامەزراوە بەرپرسەکانەوە دەبێتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ هانا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قووڵی لە ئاست دۆخی ئەم ڕۆژنامەنووسە کوردە، داوا لە دەسەڵاتدارانی سوید دەکات، لە کاتی پێداچوونەوە بە دۆسیەکەیدا، بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەت پرەنسیپی نەگەڕاندنەوە زۆرەملێ(NON-REFOULEMENT)، و پابەندبوونە مرۆییەکان بەرامبەر بە چالاکانی ڕاگەیاندن و مافی مرۆڤ لەبەرچاو بگرن.
