هانا: ڕۆژی شەممە ۲۲ی خەرمانان دوو شارۆمەندی کورد بە ناوەکانی “حەسەن مەردانی” تەمەن ٦٧ ساڵ و “لوقمان پێشیار” تەمەن ٦٠ ساڵ خەڵکی شاری بوکان، دوای کۆتایی هاتنی ماوە سزاکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کران.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە پێشتر لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بوکانەوە بە تۆمەتی (ئەندامێتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران) هەریەکەیان بە سێ ساڵ بەندکران سزا درابوون و ڕۆژی سێشەممە ۱۰ی ڕێبەندانی ۱٤۰۲، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکانیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بوکان ڕاگوێزرابوون.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، “حەسەن مەردانی” و “لوقمان پێشیار” ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی گەلاوێژی ١٤٠٢ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٥٦ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرابوو و دواجار لە ۱٦ی ڕەزبەری هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتە یەک ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی ئازادکربوون.
شایانی باسە کە ئەم دوو بەندکراوەیە لە ماوەی ١٩ مانگ و ١٣ ڕۆژی سزاکەیاندا مافی وەرگرتنی هەر جۆرە مەرەخەسیەکیان لێ زەوت کراوە. هەروەها سەرەڕای تووشبوونی “حەسەن مەردانی” به نەخۆشی دڵ و پرۆستات و داواکاری بەردەوامی بۆ وەرگرتنی مەرەخەسی پزیشکی، دامەزراوه ئەمنییەکان مەرەخەسییان پێنەدابوو
