ڕاپۆرتی هانا لە سەر شەپۆلی دەستبەسەر کردنە خۆسەرانەکان لە شارەکانی کوردستان؛ ٤ شارۆمەندی دیکە لە سەقز لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە ڕفێندران

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا گەشتووە: ڕۆژی شەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٤، چوار شارۆمەند لە سەقز بە ناوەکانی ئومید رەحیمزادە تەمەن ٤٧ ساڵ، مەهدی کەماڵی تەمەن ٤١ ساڵ، زەکەریا مورادی تەمەن ٤٥ ساڵ و محەمەد ئەمین پور تەمەن ٣٠ ساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەی خۆسەرانە و بەبێ بانگ کرانی پێشوەختە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

تا ساتی ئامادە کرانی ئەم هەواڵە هیچ زانیاریەک لە سەر تۆمەتە وەپاڵدراوەکان شوێنی ڕاگیران و ئەو دەزگایەی ئەم چەند شارۆمەندەی دەستبەسەر کردووە بەردەست نیە.

داواکاری گشتی سەقز بە پێی یاسای ئیجرائاتی تاوانەکان کە پێویستە لە سەر هۆکاری دەستبەسەر کردنی شارۆمەندان ڕوونکردنە بە بنەماڵەکانیان بدات، ڕەتیکردووەتەوە هەر جۆرە زانیاری و ڕونکردنەوەیەک لە سەر چارەنوس و هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەم چوار شارۆمەندە بدات.

شایانی باسە ئەم جۆرە دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تاکەکان، تەنانەت بەپێی کەمترین یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش پێشێلکردنی مافی بەرگریی تۆمەتبارانە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی قوڵی داواکاری گشتی سەقز بە بەرپرسی پاراستنی گیان و سەلامەتی ئەم چوار شارۆمەندە دەزانێت.

زۆرتر لەسەر ئەم بابەتە

بە نەرخترین